هاوسەرۆکی هەدەپە: گۆڕەپان بۆ مافیا و چەتەکان چۆڵناکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە گوتاری ئەمڕۆ سێشەممەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، هەرکاتێک دەسەڵات پیسی و چەپەڵییان لێ ئاشکرادەبێت، دێن داخستنی هەدەپە و دژایەتیکردکردنی کورد دەخەنە رۆژەڤ. 
 
دوای ئەوەی دادگای باڵای دەستووری تورکیا دووجار دۆسیەی داخستنی هەدەپەی بە بیانووی کەموکوڕی لە دۆسیەکەدا رەتکردەوە، جارێکی دیکە نووسینگەی داواکاری گشتیی دادگای باڵای تورکیا بە تۆمەتی "پشتیوانیکردنی تیرۆر" داواکاریی بۆ داخستنی هەدەپە تۆمارکرد.
 
پەروین بوڵدان گوتی: "ئەو دۆسیەیەی بۆ داخستنی هەدەپە کردوویانەتەوە، بڕوا بکەن هەڤاڵان هەدەپە گەورەتر و بەهێزتر دەکات، با هیچ کەسێک گومانی لەمە نەبێت. تێکۆشانمان گەورەتر دەبێت. جارێکی دیکە لێرەوە دووپاتیدەکەمەوە کە گۆڕەپانەکە بۆ مافیا و چەتەکان چۆڵناکەین. با دەسەڵات بیر لە ئەنجامی هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە بکاتەوە، نەک ئێمە. با هیچ کەسێک نیگەران نەبێت، ئێمە دەزانین چیدەکەین و بژارەی دیموکراسیمان هەمیشە هەیە. جەماوەری ئێمە بێ بژارە نییە"
 
پەروین بوڵدان رەخنەی تووندی لە دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) گرت بەوەی لە گوتاری فراکسیۆنی پارتەکەیدا هەڕەشەی کردووە و داوای داخستنی هەدەپەی کردووە. 
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە ئەمڕۆ سێشەممە 8ی حوزەیرانی 2021 لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی توركیا، لەبارەی هەدەپە قسەیكرد و رایگەیاند، "هەدەپە باڵی سیاسیی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"یە، پەرلەمانتارە جوداخوازەكانیشیان لە دژی دەوڵەت كاردەكەن و بەداخەوە لەگەڵ ئێمە لەنێو یەك هۆڵدا هەناسە هەڵدەمژین". 
 
دەوڵەت باخچەلی راشیگەیاند، ئەركی سەرشانی دادوەران و پیاوانی یاسایە كاری جدی بكەن بۆ داخستنی هەدەپە و وەرگرتنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارە جوداخوازەكانیان بۆ ئەوەی لەژێر سایەی دەوڵەتی یاسادا سزابدرێن