94 کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر دادگەیەکی ئیستەنبووڵ دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکەی بەردەم دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکراون، گەیشتە 94 کەس.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی هێرشەکەی بەردەم دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستەنبووڵەوە بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024، ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتە 94 کەس.
لەلایەکی دیکەوە وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەمرا یایلا و پینار بیرکۆچ ئاشکرابوو، کە کاژێر 11:46 خولەکی رۆژی سێشەممە، 6ی شوباتی 2024، لە بەردەم دادگەی چاغڵایان لە ئیستەنبووڵ بە چەکەوە هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس و لە هێرشەکەدا هەردووکیان کوژران و حەوت کەسیش بریندار بوون کە سێیان پۆلیس بوون، یەکێک لە بریندارەکان بەناوی دڵفیراز کاراتاش کە ژنە کوردێكی عەلەویی تەمەن 57 ساڵی خەڵکی پارێزگای ئەرزینجانی باکووری کوردستان بوو، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ئێوارەی هەمان رۆژ لەبارەی هێرشەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێنج داواکاریی گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دانراون و تائێستا 34 کەس دەستگیرکراون." ئاماژەی بەوەشدا، سێ کەس هێرشەکەیان کردووە، دوویان کوژراون و یەکێکیان بە برینداری دەستگیرکراوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای هێرشەکە رایگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر 25 ناونیشان کردووە و 40 کەسیان دەستگیرکردووە و ئاماژەی بەوەشدابوو کە ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن.
ئەمرا یایلا، لە 23ی تشرینی دووەمی 2021 دا لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەی لە 30یەمین دادگەی باڵای تاوانەکانی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی چەکدار" تۆمارکرابوو، لە 21ـی حوزەیرانی 2023 دا سزای 7.5 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو. پێشتریش لە ساڵی 2007 لە ئادانا دەستگیرکرابوو و دوای بەسەربردنی 14 ساڵ لە زیندان، ئازاد کرابوو.
پینار بیرکۆچ، ساڵی 1998 لە شاری ئەردەخانی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لەو دۆسیەیەی کە لە 24ـەمین دادگەی باڵای تاوانەکانی ئیستەنبووڵدا بە تۆمەتی ئەندامێتی رێکخراوی دەهاش-کاپەجە دادگایی کرا، نزیکەی شەش ساڵ لە زیندان ماوەتەوە و لە شوباتی 2022 ئازاد کرابوو.