هاوسەرۆکی دەم پارتی: رێگەچارەیەکی شکۆدار لەدەستماندایە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، ناکرێت حکومەتی تورکیا لەلایەک باسی ئاشتی لە وڵاتەکەی بکات و لەلایەکی دیکە هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان. ئاماژە بەوەش دەکات: ''رێگەچارەیەکی شکۆدار لە دەستی ئێمەدایە''.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و چەند پرسێکی تاوتوێکرد.
هاتیمئۆغوڵڵاری سەبارەت بە دۆخی ئێستای سووریا قسەی کرد و گوتی، ''با ئەو رووداوانەی لە عێراق و لیبیا روویاندا، بەبیر خۆمان بهێنینەوە. تاکە چارەسەر لە سووریا، بەدیموکراسیبوون و بنیادنانی نەتەوەیەکی دیموکراسییە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کرد لە بەرامبەر هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و رایگەیاند: "ئایا رەوایە لە تورکیا ئاشتی بەرقەرار بێت، لە کاتێکدا لە رۆژئاڤا شەڕە؟ رەوایە بۆمب رەوانەی دیوێکی سنوور بکرێت و گوڵ رەوانەی دیوەکەی دیکەی بکرێت؟''
هاتیمئۆغوڵڵاری داوای لە هەموو پارتە سیاسییەکان کرد پاڵپشتی لەو هەوڵە بکەن ئێستا هەیە و گوتی: ''سەردەم سەردەمی نزیکبوونەوەیە لە پرۆسەکە و نووسینەوەی مێژوو. رێگەچارەیەکی شکۆدار لە دەستی ئێمەدایە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و گوتی: ''تەنیا بۆ سیاسییەکان نییە، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەیە بە مەبەستی زیادکردنی لایەنگرانی ئاشتی''.
هاتیمئۆغوڵڵاری سەبارەت بە کاریگەریی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر ناوچەکە قسەی کرد و گوتی: ''سیاسەتەکانی شەڕ و لەنێوبردن کە لەلایەن سیستمی جیهانییەوە جێبەجێ دەکرێن، بۆ ئەوەیە هەموو شوێنێک بکرێت بە غەززە. ئەمڕۆ هەموو شوێنێک لەبەردەم هەڕەشەی بوون بە غەززەدایە''.
رۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2025 کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆتاییهات و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئیستەنبووڵ گوتی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هەفتەیە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکەن.
شاندەکە دوای سەردانیکردنی دەمیرتاش، دەچێتەوە ئیمرالی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆدەبێتەوە.