لە شارێكی تورکیا تەرمی گەنجێكی کورد بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای تەکیرداغی تورکیا تەرمی گەنجێکی کوردی خەڵکی شارۆچكەی گەڤەر سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دۆزرایەوە.
رۆژی یەکشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2024 لە شارۆچكەی چەرکەزکۆی سەر بە پارێزگای تەکیرداغ، ژمارەیەک هاووڵاتی کاتێک بۆ راوە ماسی چوونەتە دەریاچەی شارۆچکەکە لە گوندی باغڵک، تەرمی گەنجێکیان بینیوە کە بە درەختێکەوە هەڵواسراوە و تیمەکانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە.
تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون و بۆ پشکنینی تەرمی گەنجەکە و دواتر تەرمەکە گواستراوەتەوە بۆ داد پزیشکی تەکیرداغ.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە گەنجە کوژراوەکە ناوی فاتیح ئۆزدەمیرە، تەمەنی 23 ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، فاتیح ئۆزدەمیر ماوەی پێنج ساڵە لە شارۆچكەی چەرکەزکۆی نیشتەجێیە و خێزانەکەی دوو رۆژ پێشتر بە هۆکاری دیارنەمانی کوڕەکەیان سکاڵایان تۆمار کردووە.
تەرمی ئۆزدەمیر ئەمڕۆ دووشەممە 08-01-2024 دەگەڕێندرێتەوە بۆ باکووری کوردستان و لە شارۆچكەی گەڤەر بەخاک دەسپێردرێت، دوای پشکنینی تەرمەکەی هۆکاری گیانلەدەستدانی دیاری دەکرێت.