ئەردۆغان جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

کار و چالاکییەکانی یەکەم رۆژی چوارەم کۆنگرەی نائاسایی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، کە پارتی فەرمانڕەوای تورکیایە بە هەڵبژاردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە، کۆتایی هات.  
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، چوارەم کۆنگرەی نائاسایی ئاکپارتی لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو. لە کۆنگرەکەدا 1405 ئەندام کۆنگرە و 50 هەزار میوانی ئەندام و لە 40 وڵاتدا نوێنەرانی 75 حیزبی سیاسیی بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بەشدار بوون. لە کۆی 1405 دەنگی ئەندامانی کۆنگرەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە 1399 دەنگ بۆ جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردرایەوە. 
 
دواتر ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە هەڵبژێردران کە 49ـیان نوێ و 26ـیان ئەندامانی پێشوو بوون. 
 
ئاکپارتی 22 ساڵە دامەزراوە و رەجەب تەیب ئەردۆغان 19 ساڵە سەرۆکی ئەم پارتەیە. لە ساڵانی نێوان 2014-2017 ئەحمەد داودئۆغڵو و بینالی یڵدرم بە سەرۆکی ئاکپارتی هەڵبژێردران و، لە 2017ـەوە تاوەکو ئێستا هەر خۆی سەرۆکی ئاکپارتییە. 
 
رۆژی 14ـی ئابی 2001، ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێیەکانی، دوای دەرچوونیان لە پارتی فەزیلەت (پارتێکی ئیسلامی بوو، داخرا) دامەزرا. لە 3ـی تشرینی دووەمی 2002 بۆ یەکەمجار بەشداری لە ھەڵبژاردنی گشتیی تورکیا کرد و توانی 34.28%ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، کە 10 ملیۆن و 808 هەزار و 229 دەنگ بوون و، لە کۆی 550 کورسیی پەرلەمان 363 کورسی بردەوە و بە تەنیا دەسەڵاتی گرتەدەست.
 
ئاکپارتی لە 21 ساڵی تەمەنیدا 16 هەڵبژاردنی بردووەتەوە و سیستەمی فەرمانڕەوایی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتیی گۆڕی. هەروەها حەوت کۆنگرەی ئاسایی و سێ کۆنگرەی نائاسایی کردووە و، 11 ملیۆن و 241 هەزار و 230 ئەندامی هەیە.
 
ئەو حیزبە ئیسلامییە لە دوایین هەڵبژاردنی 14ـی ئایاری 2023ـدا لە کۆی 600 کورسی پەرلەماندا 268 کورسی بەدەستهێنا و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە 27 ملیۆن و 834 هەزار و 692 دەنگ، 52.18٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بۆ جاری سێیەم بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایەوە.