ئەردۆغان لێبووردنی بۆ دوو تاوانباری نەخۆش دەکرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە دوو سزادراوی نەخۆش خۆش بوو، کە یەکێکیان بارزگانیی ماددەی هۆشبەرە، ئەوەی دیکەشیان ئەندامی گرووپی فەتحوڵڵا گولەنە.
بڕیارەکە رۆژی هەینی 7ی تشرینی یەکەمی 2022، بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی ئەو وڵاتەدا بڵاوکرایەوە.
حەسەن شەن، تەمەن 54 ساڵ لەلایەن سێ دادگەی جیاوازەوە بە تاوانی "بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان" و " هەڕەشەکردن بە چەک" سزای 24 ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بۆ بڕابووەوە. لە ساڵی 2018 ـەوە لە زیندانە. دوای راپۆرتی "نەخۆشی هەمیشەیی" کە لەلایەن دەستەی سێیەمی پسپۆڕی پزیشکی دادوەری پەیمانگەی پزیشکی دادوەری و نووسراوی وەزارەتی داد لە 20ی حوزەیرانی 2022 دراوە، ئەردۆغان بە پشتبەستن بە بڕگەی 16ی مادەی 104ی دەستوور بڕیاری لێبووردنی بۆ دەرکرد.
هەر بەپێی بڕیارەکەی ئەردۆغان، بیلال کۆناکجی تەمەن 45 ساڵ، کە لە ساڵی 2018 لەلایەن 13ەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئیزمیر بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستی چەکداری" سزای 7.5 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆکاری "نەخۆشی بەردەوام و کەمئەندامی" بڕیاردراوە بە لێخۆشبوون لەو سزایەی کە ماوە.
بیلال کۆناکجی لە شوباتی 2009، کاتێک لە ئیزمیر فەرمانبەری پۆلیس بوو و ئامادەکاری دەکرد بۆ لەناوبردنی بۆمبێک کە لەبەردەم قوتابخانەیەک دانرابوو، تەقینەوە روویداوە و بەو هۆیەوە چاو و دەستی راستی و پەنجەی ئاماژەی دەستی چەپی لەدەستداوە، هەروەها توانای بیستنی لەدەستداوە و بە سەختی توانیویەتی بەپێ بڕوات و 98٪ی جەستەی كەمئەندام بووە.
لە رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2016 دا لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی گرووپی گولەنییەکان دەستبەسەرکراوە و دواتر خراوەتە زیندانەوە.