ئەردۆغان: رێژەی هەڵاوسان دادەبەزێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات و دەڵێت، لە رێگەی تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی، رێژەی هەڵاوسان دادەبەزێنین و جیاوازیی نێوان هاوردە و هەناردە کەمدەکەنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە 6ی ئەیلوولی 2023 لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان، نەخشەڕێگەی ئابووری بە پلانی وادەی مامناوەندی 2024 - 2026 راگەیاند.
ئەردۆغان لە ماوەی رابردوودا پێداگریی لە کەمکردنەوەی سوود دەکرد، بەڵام ئێستا پشتیوانیی بڕیاری تیمە ئابوورییە نوێیەکەی تورکیا دەکات، کە جەخت لە بەرزکردنەوەی بەرچاوی رێژەی سوود بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان دەکەنەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا، پشتگیری لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات و لە رێگەی تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی، رێژەی هەڵاوسان بۆ یەکخانەیی دادەبەزێنن و جیاوازیی نێوان هاوردە و هەناردە کەمدەکەنەوە.
ئەردۆغان جەختیکردەوە، لە ماوەی بەرنامەکەدا بە دڵنیاییەوە سازش لەسەر گەشەی ئابووری ناکەن و گەشەسەندنی تەندروست و کوالێتی مسۆگەر دەکەن.