دادگەی دەستووریی تورکیا داوای قەرەبووکردنەوەی خوێندکارێکی کورد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دەستووریی تورکیا بڕیاریدا ئەو خوێندکارە کوردەی بەهۆی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە بەشی ناوخۆی زانکۆ دەرکرابوو، مافەکانی پێشێل کراوە و دەبێت دەوڵەت قەرەبووی بکاتەوە.
بەدران عەلی ئەرتوغروڵ، خوێندکارێکی کوردە و ساڵی 2016 لە کاتی خوێندنی لە زانکۆی عوسمانگازی لە ئەسکیشەهیر، لە هەمان شار لە تورکیا بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزی زانکۆی ئانادۆڵو کرد، کە گرژی لێکەوتەوە. ئیدارەی زانکۆی عوسمانگازی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بەدران عەلی ئەرتوغروڵ پێکهێنا، لێژنەکە بڕیاری دا ئەرتوغروڵ لە بەشی ناوخۆیی زانکۆ دەربکرێت، بەهۆی ئەوەی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزدا کردووە.
ئەرتوغروڵ ساڵی 2018 لە دژی پێشێلکردنی مافەکانی، داوای لە دادگەی دەستووریی تورکیا کرد بڕیاری زانکۆکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
دادگەی دەستووریی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 6ی تەممووزی 2023، سەبارەت بەو داواکارییەی بەدران عەلی ئەرتوغروڵ بڕیاریدا کە "مافی گردبوونەوە و خۆپێشاندان و رێپێوان"ـی بەدران عەلی ئەرتوغروڵ پێشێلکراوە، کە بە پێی مادەی 34 لە دەستووردا پارێزراوە.
لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەی دادگەی دەستوور کە ئەمڕۆ هەینی، 7ی تەممووزی 2023، لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی دەرئەنجامەکانی ئەو پێشێلکارییە، پێویستە بڕی 18 هەزار لیرە قەرەبووی مەعنەوی و 10 هەزار و 194 لیرەی تێچووی دادگە بدرێتە ئەو خوێندکارە کوردە.