بانکی ناوەندیی تورکیا: کڕینی پشک لەلایەن بیانییەکانەوە یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو داتایانەی بانکی ناوەندی تورکیا بڵاویکردوونەتەوە، هەفتەی رابردوو، کەسانی بیانی کە دانیشتووی ئەو وڵاتە نین بە بڕی 123.6 ملیۆن دۆلار پشکیان کڕیوە. بەمەش ئەو پشکانەی لە چوار هەفتەی رابردوودا لەلایەن بیانییەکانەوە کڕدراون یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تەممووزی 2023 هەفتەنامەی پارە و ئاماری بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی تورکیا بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی داتاکان، هەفتەی رابردوو، کەسانی بیانی کە دانیشتووی ئەو وڵاتە نین بە بڕی 123.6 ملیۆن دۆلار پشکیان کڕیوە.
کڕینی پشکەکانی ئەو بیانیانە لە 23ـی حوزەیراندا 398.4 ملیۆن دۆلار، لە 16ـی حوزەیراندا 313.4 ملیۆن دۆلار و لە 9ـی حوزەیراندا 261.8 ملیۆن دۆلار بووە و کۆی گشتی لە ماوەی ئەو چوار هەفتەیەدا گەیشتووەتە یەک ملیار و 97 ملیۆن دۆلار.
بانکی ناوەندی تورکیا رایگەیاندووە، وەبەرهێنانی دراوی بیانی لەلایەن دانیشتووانی ناوخۆی تورکیا لە ماوەی یەک هەفتەدا 335.90 ملیۆن دۆلار زیادی کردووە.
بەگوێرەی ئەو داتایانە بێت، پارەی دانراوی دراوی بیانی لەلایەن دانیشتووانی ناوخۆی تورکیا کە لە هەفتەی پێشوودا 168 ملیار و 308.2 ملیۆن دۆلار بووە، لە هەفتەی کۆتاییهاتنی 30ی حوزەیراندا 652.60 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 102 ملیار و 600 ملیۆن و 50 ملیۆن دۆلار.
کۆی گشتیی یەدەگی دراوی بیانی کە لە هەفتەی پێشووتردا 66 ملیار و 246 ملیۆن دۆلار بوو، لە هەفتەی کۆتایی 30ـی حوزەیران بۆ 67 ملیار و 155 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.
لە کاتێکدا یەدەگی زێڕ لە 41 ملیار و 315 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 41 ملیار و 432 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە، کۆی یەدەگی زێڕ لە 107 ملیار و 561 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 108 ملیار و 587 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.
یەدەگی پاکی نێودەوڵەتی کە لە هەفتەی پێشوودا 9 ملیار و 190 ملیۆن دۆلار بووە، لەم هەفتەیەدا بۆ 9 ملیار و 825 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.