یەسەپە لیستی بەربژێرەکانی ئامەدی بڵاوکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی سەوزی چەپ - یەسەپە لیستی بەربژێرە پەسندکراوەکانی بۆ پەرلەمانی تورکیا لە بازنەی ئامەدی باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 7ـی نیسانی 2023، پارتی سەوزی چەپ - یەسەپە لیستی بەربژێرە پەسندکراوەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە رۆژی 14ـی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بڵاوکردەوە. لە لیستەکەدا 144 کەس وەک بەربژێری فەرمیی یەسەپە لە بازنەی ئامەد بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن.
زۆربەی بەربژێرەکان بریتین لە چالاکڤانانی مەدەنی، رۆژنامەڤان و کەسانی ئەکادیمی. یەسەپە دەڵێت، زۆر بە وردی بەربژێرەکانی دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی رووبەڕووی کێشەی یاسایی نەبنەوە و پاساو نەدەنە وەزارەتی ناوخۆ تاوەکو هاوشێوەی هەڵبژاردنی 2018ـی پەرلەمانی و 2019ـی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان رووبەڕووی کێشە نەبنەوە.
دوای هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018، 10 پەرلەمانتاری هەدەپە و دوای هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2019ش 54 سەرۆک شارەوانیی هەدەپە لە پۆستەکانیان لابران.
هەدەپە بۆ ئەم هەڵبژاردنە تەنیا پەروین بوڵدان و میدحەت سانجاری هاوسەرۆکان و چەند کەسایەتییەکی دیکەی کەمی بەربژێر کردوەتەوە.
بڕیارە لە 48 کاژێری داهاتوودا پارتی سەوزی چەپ تەواوی لیستی بەربژێرەکانی لە باکووری کوردستان و تورکیا رابگەیێنێت و پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیای بکات.
رۆژی 30ـی ئاداری 2023، دەرگەی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا داخرا. هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، کەمال کڵچدارئۆغڵو، موحەڕەم ئینجە و سینان ئۆغان بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاتە پەسندکرا.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژی 16ـی ئادارەوە داوای لە هەر 36 پارتە سیاسییەکە کردووە کە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان هەیە، تا کاژێر 17:00ـی رۆژی 9ـی نیسان لیستی بەربژێرەکانیان پێشکێش بکەن. لایەنە سیاسییەکان بڕیار دەدەن بە ناوی پارتەکەیانەوە یان بەناوی هاوپەیمانییەکەوە لیستی هاوبەش پێشکێش بکەن.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە.
لەو هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لە نێوخۆی باکووری کوردستان و تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش لە دەرەوەی تورکیا دەتوانن دەنگ بدەن.