وەزیری پەروەردەی تورکیا: ئەم ساڵ 35 هەزار قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی تورکیا رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ ژمارەی ئەو قوتابییانەی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە زیادی کردووە، 10 مامۆستاشیان وەک مامۆستای زمانی کوردی دامەزراندووە.
گولجان کاچماز، پەرلەمانتاری دەم پارتی پرسیاری لە یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا کردووە، بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 چەند قوتابی وانەی کوردییان هەڵبژاردووە؟ وەزیر رایگەیاندووە: "بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە سەرتاسەری تورکیا و باکووری کوردستان 31 هەزار و 199 قوتابی وانەی شێوەزاری کرمانجی زمانی کوردی و سێ هەزار و 805 قوتابیش شێوەزاری زازاکیان هەڵبژاردووە."
ساڵی رابردوو 23 هەزار قوتابی وانەی زمانی کوردییان هەڵبژاردبوو.
سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی زمانی کوردی، یوسف تەکین رایگەیاند، لە چوارچێوەی "ئاگادارکردنەوەی داواکاری بۆ مامۆستایانی گرێبەست لە ئاداری 2024، شەش مامۆستای شێوەزاری کرمانجی و چوار مامۆستای شێوەزاری زازاکی دادەمەزرێن."
گوڵجان کاچماز پەرلەمانتاری دەم پارتی، لەسەر لێدوانەکەی وەزیری پەروەردە رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێکدا ژمارەی ئەو قوتابییانەی وانەی زمانی کوردییان هەڵبژاردووە، 12 هەزار زیادیکردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە خواست لەسەر زمانی کوردی زیاتر دەبێت، بەڵام ئاستەنگەکانیش لە زیادبووندان.
لە سیستمی پەروەردەی تورکیادا، تورکی تاکە زمانی فەرمیی خوێندنە. لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ساڵانە وادەیەک دیاریدەکات بۆ دایک و باوکی قوتابیان بۆ ئەوەی بە ویستی خۆیان وانەی بژاردە هەڵبژێرن. زمانی کوردیش بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی لە وانە بژاردەکاندان.