لە پێنج رۆژدا 211 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بەتۆمەتی پەکەکەبوون دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنیەکانی تورکیادا لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 75 کەسی دیکە بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکران. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەو تۆمەتە لە ماوەی پێنج رۆژدا دەستگیرکراون، گەیشتە 211 کەس.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 6ـی تشرینی یەکەمی 2023 تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی گشتیی جەندرمە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش لە پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، مێردین، ئێلیهـ ، ئامەد، ئاگری، بەدلیس، کیلیس و شرنەخی باکووری کوردستان و ئیزمیر، ئەسکیشەهیر و کۆجائەلیی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و 75 کەسیان دەستگیرکرد. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان کردووە و 75 کەسی دیکەیان دەستگیرکردووە. 
 
دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە بۆ سەر بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە، کە پەکەکە لە ئەستۆی گرت، لە ناوخۆی تورکیا چەندین کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و لایەنگری بۆ پەکەکە دەستگیرکراون، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپەن.
 
بەو 75 کەسەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستگیران، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی پێنج رۆژدا  لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا دەستگیرکراون، گەیشتە 211 کەس.