دوو کەس لە بریندارەکانی ئامەد گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە بریندارانی تەقەکردنەکەی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، کە یەکێکیان منداڵە، گیانیان لەدەستدا.
کاژێر 21:00ـی شەوی رابردوو، لە سنووری شارۆچکەی چنار لەنێوان ئامەد و چەولیگ لە باکووری کوردستان لەنێو ئۆتۆمبێلێکەوە دەستڕێژی گوللـە لە ئۆتۆمبێلێکی دیکە کرا، لە ئەنجامدا 6 کەس لە سەرنشینەکانی بریندار بوون.
بەگوێرەی دوایین زانیاری، دوو لەو بریندارانەی دۆخی تەندروستییان ناجێگیر بوو، دوای 12 کاژێر مانەوەیان لەژێر چاودێریی چڕ و سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، گیانیان لەدەستدا.
هەبوون فاخیرئۆغڵو، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ و رەشید ئاکیۆلی تەمەن 31 ساڵ لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.
یەکێکی دیکە لەو چوار بریندارەی لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، ژنە و دۆخی تەندروستی خراپە.
فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە لەگەڵ پۆلیسی ئامەد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات و تاوەکو ئێستا وردەکاری لەبارەی هۆکاری پشت رووداوەکە رانەگەیێندراوە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، پار لە باکووری کوردستان و تورکیا 3 هەزار و 773 شەڕ و رووداوی تەقەکردن تۆمارکراون و لەو رووداوانەشدا 2 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە، 3 هەزار و 820 کەسیش بریندار بوون؛ 763 لەو شەڕ و تەقەکردنانە لە باکووری کوردستان بوون، کە بەهۆیانەوە 483 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 63 کەسیش بریندار بوون.