ئەردۆغان: بە فەرمی یەپەگە و پەیەدە و فەتۆ لە لیستی تیرۆری ناتۆ تۆمارکران
رووداو - هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا لەمیانی گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی راوێژکاری لەگەڵ سەرۆکشارەوانییەکانی پێشووی ئاکپارتی لە ئەنقەرە گوتی: "لە سایەی ئێمەدا، یەپەگە و پەیەدە و فەتۆ (گرووپی فەتحوڵڵا گولەن) بە فەرمی لە لیستی تیرۆری ناتۆ تۆمارکران".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین، بە رادەیەک دوژمنانی تورکیا لە پەکەکە و پەیەدە و یەپەگە و فەتۆ هەمیشە لە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات و هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و سڵ ناکەنەوە لە هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی رێڕەوی تیرۆر لەودیوی سنوورەکانی باشووری تورکیا."
ئەردۆغان راشیگەیاند، "هەوڵە بەردەوامەکان و پێداگریمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هۆکاربوون بۆ ئەوەی سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنین و دەستکەوتی مەزن بۆ وڵاتەکەمان تۆمار بکەین لە دانوستاندنەکانمان لەگەڵ سەرکردەکانی ناتۆ."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد، "لە سایەی ئێمە جگە لە پەکەکە هەریەک لە یەپەگە/پەیەدە و فەتۆ چوونە نێو لیستی فەرمیی تیرۆری ناتۆ. بەهەوڵی ئێمە، لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ و سەرۆکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ کۆبووینەوە و پێمان راگەیاندن کە ئەم رێکخراوە تیرۆریستییانە هێڵی سووری ئێمەن و سازشی لەسەر ناکەین. هەروەها لە کۆبوونەوەی گشتیی ناتۆدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی وڵاتان، لە شاشەی گشتیی کۆبوونەوەکانی ناتۆ چالاکییەکانی پەکەکە/پەیەدە/ یەپەگە و فەتۆ لە سوێد، فینلاند، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، یۆنان و زۆربەی وڵاتان نمایشکرد و نیگەرانیی و توڕەیی خۆمان دەربڕی و داوای هەڵوێستی جددیمان لێکردن و پێمان راگەیاندن، لەمەودوا هەر لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە دەکەین، بەپێچەوانەوە هیچ جۆرە میکانیزمێک قبووڵ ناکەین."
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا کە لە حوزەیرانی 2023دا ئەنجام دەدرێت، هەڵبژاردنێکی زۆر هەستیار و چارەنووسسازە، بەهۆی ئەوەی تورکیا لە دووڕیانێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت کە بەندە بەنەخشەی سیاسیی و جەختی لەوە کردەوە، بۆ پاراستنی داهاتووی نەوەکانی نوێ پێویستە لەم هەڵبژاردنەشدا هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی - مەهەپە) سەرکەوتوو بێت، بەپێچەوانەوە وڵات بەرەو مەترسییەکی گەورە هەنگاو دەنێت. ئاکپارتی وڵاتی پێگەیاند و هەر ئاکپارتی دەتوانێت درێژە بە گەشەپێدانی زیاتری تورکیا بدات.
سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە هاووڵاتییان کرد، بەهۆی گلەیی و گازاندە و دڵشکان و توڕەییەوە بڕیاری هەڵە نەدەن، دەبێ بە لۆژیک بیربکەنەوە و "هەرگیز بە بانگەشە ژەهراوییەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەڵنەخەڵەتێن، ئەوان تورکیا بەرەوە دواوە دەبەن، بۆیە ئەرکی سەرشانی هەمووانە سەرکەوتنێکی نوێ تۆمار بکەین."