هاوژینەکەی دەمیرتاش چەند نهێنییەک لەبارەی ناکۆکییەکانی نێو هەدەپە ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی چەپی سەوز - یەسەپە و پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تاوتوێ دەکەن، گفتوگۆش لەسەر قۆناخی داهاتووی کارکردنیان دەکەن. هاوژینەکەی سەلاحەدین دەمیرتاشیش چەند نهێنییەک لەبارەی ناکۆکییەکانی نێو هەدەپە ئاشکرا دەکات.
 
رۆژی سێشەممە 06-06-2023 ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو دوو پارتە لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. ئیبراهیم ئاکن، هاو-گوتەبێژی یەسەپە دەڵێت، "لەڕووی ئامانجە سیاسییەکانمانەوە دەبێت رووبەڕووی کەموکوڕی و لاوازییەکانمان ببینەوە. هەرچەندە ئێمە وەکو ئەوەی کردمانە ئامانج، هەموو هەوڵێکمان دا بۆ گۆڕینی رژێمی کۆشک، بەڵام لەنێو شکستی ئۆپۆزیسیۆن بەگشتی، پشکی خۆمان قبووڵ دەکەین."
 
یەسەپە و هەدەپە بەهۆی دەستنیشان نەکردنی بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و هاوپەیمانی لەگەڵ چەند پارتێكی چەپی تورکیا بۆ هەڵبژاردن، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوونەتەوە.
 
باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، کە شەش ساڵ و نیوە لە زیندانە و لە 31ی ئایاردا وازهێنانی لە سیاسەت راگەیاند، دەڵێت، "سەلاحەدین دەمیرتاش سێ جار داوای کرد ببێتە بەربژێری سەرۆککۆمار، بەڵام وەڵام نەدرایەوە. لەسەر بەربژێربوونی یەک وشەش بە سەلاحەدین نەگوترا. بە سەلاحەدین گوترا کە ژنێکی تورک بەربژێر دەکرێت، لە بەرامبەردا سەلاحەدین پێشنیازی کرد بەڕێز گوڵتان کشاناک بەربژێر بکرێت."
 
هەدەپە بەهۆی بەردەوامیی دۆسیەی داخستنی لە دادگەی دەستوور، لەسەر ناوی یەسەپە بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا کرد.
 
بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018، هەدەپە ژمارەی کورسییەکانی لە 67 کورسییەوە بۆ 58 کورسی کەمبوونەوە.
 
بڕیارە پاییزی ئەمساڵ کۆنگرەیەکی نائاسایی سازبدات. هاوسەرۆکانی هەدەپە رایانگەیاندووە، لە کۆنگرەی ئەمجارەی پارتەکەیاندا، خۆیان بەربژێر ناکەنەوە.