مەراڵ ئاكشەنەر: هەدەپە لە دەرەوەی هاوپەیمانیی میللەتە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی ئیی پارتی، كە پارتێكی راستڕەوی نەتەوەپەرستی ئۆپۆزیسیۆنە و هاوپەیمانی جەهەپە-ی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە، پێیوایە ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بە یەك بەربژێری بەشداری هەڵبژاردنەكان نەكات، لە بەرامبەر دەسەڵات شكست دەهێنێت. دەشڵێت هەدەپە لە دەرەوەی هاوپەیمانیی میللەتە.
مەرال ئاكشەنەر، سەرۆكی ئیی پارتی لە هەڤپەیڤینێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا چانسی بردنەوەی نەماوە و بۆ ئەمەش پێویستە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی هاوپەیمانی میللەت تاكە بەربژێرێكی بەهێز و هاوبەش پێشكەش بكات بۆ ئەوەی بەزۆرترین دەنگ دەسەڵات بەدەستبهێنن.
ئاكشەنەر راشیگەیاند، ئەزموونەكانی پێشتر دەریدەخات، سەرباری ئەوەی دۆخی ئۆپۆزیسیۆن باش بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەربژێرێكی هاوبەشیان نەبووە، شكستیان هێناوە و چانسی بردنەوەیان بۆ ئەردۆغان فەراهەم كردووە.
لەبارەی فراوانكردنی هاوپەیمانی میللەت و كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، مەرال ئاكشەنەر رایگەیاند، لەگەڵ زۆربەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە پەیوەندییەكی باشدان، بەڵام تاوەكو ئێستا دیارنییە ئاخۆ بازنەی هاوپەیمانێتییەكە تاچەند فراوان دەبێت.
سەبارەت بە بەشداریی هەدەپەش لە هاوپەیمانیی میللەت، ئاکشەنەر راشکاوانە ئاماژەی بەوەدا هەدەپە بەشێک نابێت لە هاوپەیمانی میللەت و رایگەیاند: "پێویستە هەدەپە بەربژێری خۆی لەم هەڵبژاردنەدا دیاری بکات".
پێشتر میدیاكانی توركیا ئاماژەیان بەوەدابوو، هەریەك لە پارتی ئایندە بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو، پارتی دێڤا بە سەرۆكایەتیی عەلی باباجان و پارتی سەعادەت بە سەرۆكایەتیی تەمەل كارامۆڵڵائۆغڵو خۆیان یەكلایی كردووەتەوە بۆ چوونە نێو هاوپەیمانی میللەت و دانوستاندن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنیش دەكرێت. بەڵام ئیی پارتی هۆشداری بە جەهەپە دابوو، ئەگەر هەدەپە ببێتە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە دەكشێتەوە.