وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی ئەمریکا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەسەر بانگهێشتی هاوتا ئەمریکییەکەی بە سەردانێکی دوو رۆژە دەچێتە واشنتن. چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئاگربەست لە غەززە و شەڕی ئۆکراینا تاوتوێ بکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، شەشی ئاداری 2024) لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، رۆژی پێنجشەممە، سەردانی واشنتن دەکات و لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
"لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕ دەکرێت." لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لەو سەردانەدا کۆبوونەوە لەبارەی میکانیزمی ستراتیژیی تورکیا و ئەمریکا دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دوایینجار لە کانوونی یەکەمی 2023ـدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندی کە لەلایەن رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی لە واشنتن رێکخرابوو، لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی دیداری هەبوو.