بەربژێری شارەوانییەکان لە ماڵپەڕی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لیستی کۆتایی ناوی ئەو بەربژێرانەی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوکردەوە کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بەشداری دەکەن.
بەگوێرەی لیستەکە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵدا، 22 پارتی سیاسی و 27 بەربژێری سەربەخۆ بەشدارن، واتە 49 بەربژێر لەو گەورە شارەوانییانەی تورکیا رکابەری دەکەن.
لە مەڵەتی باکووری کوردستان 23 پارتی سیاسی و پێنج بەربژێری سەربەخۆ، واتە 28 بەربژێر رکابەری دەکەن.
لە ئەنقەرە 19 پارتی سیاسی و پێنج بەربژێری سەربەخۆ، واتە کۆی گشتی 24 بەربژێر رکابەری دەکەن؛ هەروەها لە ئیزمیر 21 پارتی سیاسی و 6 بەربژێری سەربەخۆ، واتە کۆی گشتی 27 بەربژێر رکابەری دەکەن.
لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم و رووهای باکووری کوردستان و مانیسای تورکیا بەربژێری سەربەخۆ نییە؛ هەروەها لە شارەدێی هیلال سەر بە شارۆچكەی قلەبان لە پارێزگای شرنەخ و لە شارەدێی ئاکنجڵار سەر بە شارۆچكەی کالک لە پارێزگای سەمسوور تەنیا بەربژێرەکانی ئاکپارتی و لە شارەدێی گۆلگەلی سەر بە شارۆچکەی ئاڵموسیش لە پارێزگای تۆکات تەنیا بەربژێرانی جەهەپە بێ رکابەر بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
هەڵبژاردنەکە رۆژی 31ی ئادار بەڕێوەدەچێت. ئاکپارتی و مەهەپە پێکەوە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی جمهوور هەوڵی بردنەوەی شارەوانییەکان دەدەن.
ئەوەی کە پەیوەندی بە ئۆپۆزیسیۆنەوە هەیە، جیاواز لە هەڵبژاردنی رابردوو پارچە پارچەیە و حیزبەکان بەشێوەی سەربەخۆ دابەزیون و دەم پارتیش بەربژێری خۆی لە بەشێکی زۆری شارە گەورەکانی تورکیادا هەیە.