بەهۆی ئاژاوەکانی یاریی نێوان بورساسپۆر و ئامەدسپۆر حەوت کەس دەستبەسەر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای بورسا رایگەیاند، بەهۆی ئاژاوەکانی نێو یاریگە کە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی نێوان بورساسپۆر و ئامەدسپۆر روویاندا، حەوت کەس دەستبەسەر کراون و لێکۆڵینەوە لە سێ بەرپرسی گشتی دەستیپێکردووە.
 
لە یارییەکەی نێوان یانەی تۆپی پێی بورساسپۆر و ئامەدسپۆر کە پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 05-03-2023 کرا، هاندەرانی یانەی بورساسپۆر لەنێو یاریگەی بورسا پۆستەرێکی مەحموود یڵدرم، ناسراو بە "یەشیل" و، "تۆرۆسی سپی"یان  بەرز کردەوە، کە بە یەکێك لە ئەنجامدەرانی رووداوەکانی بکەرنادیاری ساڵانی نەوەتەکانی سەتەی رابردوو و ژیتەم لە باکووری کوردستان دەناسرێن، هەروەها کەلوپەلی بیانییان فڕێدایە سەر یاریگە.
 
دوای چەند کاژێرێک لە رووداوەکان، پارێزگای بورسا رایگەیاند، حەوت کەس دەستبەسەر کراون، سێ بەرپرسی گشتی لە ئەرکەکانیان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەستیپێکردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەی پارێزگای بورسا دا هاتووە، "سەبارەت بە یارییەکەی بورساسپۆر و ئامەدسپۆر کە کاژێر 14:00ی رۆژی 05-03-2023 لە شارەکەماندا کرا، سێ بەڕێوەبەری ئەمنی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەستیپێکردووە، هەروەها بە هەماهەنگیی فەرمانگەی سەرۆکی داواکاری گشتیمان، رێکاری یاسایی لە دژی ئەوانە دەستیپێکردووە کە بەشدارن لە هەڵدانەوەی لافیتە و ئەو دەستدرێژییەی کە لە ژووری جل گۆڕین روویدا لە کۆتایی یارییەکەدا. لەو چوارچێوەیەدا تائێستا حەوت کەس دەستبەسەر کراون."
 
یاریزانانی بورساسپۆر رۆژی یەکشەممە 05-03-2023 لە شاری بورسا لەنێو یاریگە هێرشیان کردە سەر یاریزانانی ئامەدسپۆر.
 
یانەی ئامەدسپۆر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا دیمەنی ساتی هێرشەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە کاتێکدا یاریزانەکانمان چوونە نێو یاریگە بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەی بورساسپۆر یاری بکەن، یاریزانانی یانەکە هێرشیان کردە سەر یاریزانەکانمان."
 
شەوی پێشتریش درووشمی رەگەزپەرستی بەرامبەر یاریزانانی ئامەدسپۆر گوترانەوە. دەیان هاندەری یانەی تۆپی پێی بورساسپۆر لەبەردەمی ئەو هۆتێلە کۆبوونەوە کە یاریزانانی ئامەدسپۆری تێدا دەمانەوە و درووشمی رەگەزپەرستانەی "چه‌ندە به‌خته‌وه‌ره‌ ئه‌و کەسەی ده‌ڵێت من تورکم"یان گوتەوە.