بوومەلەرزەکە زیانی بە وێستگەی ئەتۆمی ئاککویوو نەگەیاندووە


رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەکەی مەرەش هیچ زیانێکی بە وێستگەی ئەتۆمی ئاککویوو نەگەیاندووە، کە لە شارۆچکەی گولنار لە مێرسین لە قۆناخی دروستکردندایە. 
 
ئەناستازیا زۆتێڤا، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەی وێستگەی ئەتۆمی ئاککویوو راگەیێندراوێكی سەبارەت بە پڕۆژەی ئاککویوو بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بوومەلەرزەکەی مەرەش کە ناوەندەکەی شارۆچکەی پازارجخ بوو، لەو ناوچەیەی کە ئاککویووی لێیە بە تووندی 3 پلەی رێختەر هەستی پێکراوە. شارەزایانمان هیچ زیانێکیان لە بیناکان و ئامێرەکانمان دەستنیشان نەکردووە. کارەکانی بیناسازی بەردەوامن."
 
زۆتێڤا گوتی: "لە نێو فەرمانبەراندا ئەوەی پێویستە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ناوچەی بوومەلەرزەکە ئەنجام دەدرێن. دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ ئافاد، ئامادەکاری دەکەین بۆ ناردنی کارمەند بەمەبەستی هاوکاری زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە." 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای مەرەشی لە باکووری کوردستان هەژاند کە زیانی گەورەی هەبوو. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 644 کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە و 1464 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیاش 912 کەس گیانیان لەدەستدا و 5385ی دیکەش برینداربوون، ئەمە بە گوێرەی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.