ئاگرێکی گەورە دوای بوومەلەرزەکەی مەڕەش کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شووباتی 2023 کاژێر 04:17 خولەک لە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان روویدا، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە. دوابەدوای ئاگرەکە، کۆمپانیای بۆتاش بۆ دابەشکردنی تۆڕی بۆرییەکانی نەوت و گازی سرووشتی کە سەر بە حکومەتی تورکیایە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
کۆمپانیای بۆتاش (کۆمپانیای نیشتمانیی گواستنەوەی پیترۆڵ)ی تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی زیانەکان کە بەر هێڵی گواستنەوەی گازی سرووشتیی مەرەش - دیلۆک کەوتووە، ناردنی گازی سرووشتیی بۆ دیلۆک، هاتای، مەڕەش و شارۆچکەکانی پازارجخ، نارلی، بەسنی، گۆلباشی، نورداغی، ئیسلاحییە، رەیحانلی، کرکهان و حەسا راگیراوە.
بۆتاش دەڵێت، لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی گازی سرووشتی دەگاتەوە دەستی هاووڵاتییان. بوومەلەرزەکە هەروەها کاریگەریی لەسەر هێڵی گازی سرووشتی لە پارێزگای کیلیس هەبوو.
بۆتاش ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمە تەکنیکییەکان کۆنترۆڵ و دەستوەردانی پێویستیان لە ناوچەکە کردووە و لە ئەنجامی ئەو کۆنترۆڵانەی لەسەر بۆریی نەوتی خاو کراوە، هیچ زیانێک دەستنیشان نەکراوە.
لە بەیاننامەکەی بۆتاشدا هاتووە، "بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای مەڕەش روویدا، کە ناوەندەکەی شارۆچكەی پازارجخ بوو و لە پارێزگاکانی دەوروبەری هەستی پێکراوە. دەستبەجێ سەرجەم تیمەکان لەلایەن بۆتاشەوە ئاگادارکرانەوە، رێوشوێنی ئەمنیی پێویست گیرایەبەر و لێکۆڵینەوەکانی هەڵسەنگاندنی زیانەکان دەستیپێکرد. بۆ ئەو مەبەستە هەناردەی گازی سرووشتی وەستاوە، تیمەکانی تەکنیکی بۆتاش کۆنتڕۆڵ و کاری پێویست لە بوارەکەدا ئەنجام دەدەن. لێکۆڵینەوەی پێویست بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دابەشکردنی گازی سرووشتی لە ناوچەکە ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوون لە رۆیشتنی گاز بۆ هاووڵاتیانمان."