گوتەبێژی پارتی ئاییندە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بۆ رووداو: پێویستە پشتگیری لێبکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شاندی دەم پارتی و لەگەڵ شاندی پارتی ئاییندە کۆبوونەوە و گوتەبێژی پارتی ئاییندە دەڵێت، پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن و لەگەڵ ئەوەدان بەشێوەیەکی دیموکراسییانە کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکرێن.
ئوفوک کارجی، گوتەبێژی پارتی ئاییندە، رۆژی دووشەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2025، لەبارەی کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''شاندەکە پێشتر لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی و نوعمان کورتولموش کۆبوونەوە''.
شاندەکەی دەم پارتی هەروەک کۆبوونەوەکانی پێشوو، لە سری سورەییا ئۆندەر، پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک پێکهاتوون.
کارجی لەبارەی تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە گوتی: ''هەر بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی دیکەیە، لەبەر ئەوەی هەموو شتێک تازە دەستیپێکردووە و پرۆسەکە نوێیە. قسەکردن لەسەر نێوەڕۆک و چوارچێوەی کۆبوونەوەکە شتێکی دروست نییە''.
لەبارەی پاڵپشتیی پارتەکەی لە پرۆسەکە، گوتەبێژی پارتەکە گوتی: ''بێگومان پێویستە پشتگیری لە پرۆسەیەکی وەها بکرێت، چونکە لە تورکیا هەرکەسێک بڵێت کێشەم هەیە، کەواتە بێگومان کێشەی هەیە. ئەرکی سەرەکی دەوڵەتیش ئەوەیە ئەو کێشانە چارەسەربکات''.
ئەو گوتەبێژە لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی، ''بەڕێز سەرۆکی گشتیمان لە کاتی دەستپێکردنی پرۆسەکە کاتێک پشتگیری لە بەڕێز باخچەلی کرد، جەختیشی کردەوە لەوەی چوارچێوەی پرۆسەکە دیاری بکرێت و تەوەرە سەرەکییەکانی پێکبهێندرێن، ئامانجی کۆتایی باسبکرێت، باس لە هەموو ئەو بنەمایانەش بکرێن کە لە چوارچێوەی ئەو ئامانجەن''.
سەبارەت بە هەر جۆرە بڕیارێکی پارتەکەی لەبارەی پرۆسەکە، کارجی گوتی: ''پێویستە سەرەتا بزانین کە پرۆسەکە بەرەو کوێ دەڕوات''.
بابەتی زیندانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ماڵەوە لە کاتێکدایە، ئەحمەد داودئۆغڵو رۆژی هەینی، 3ی کانوونی دووەمی 2025، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، ''لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەنێو گێژاودایە، هەر هەنگاوێک بنرێت، هەنگاوێکی دروستە''.
لە وەڵامی پرسیاری پێشکێشکارەکەدا کە دەپرسێت، ئایا دەکرێت رۆژێک ئۆجەلان لە ئیمرالی بهێنرێتە دەرەوە و لە ماڵ زیندانیبکرێت؟ داودئۆغڵو دەڵێت، ''دەتوانرێت ئەو جۆرە هەنگاوانە بنرێن''.