ئەردۆغان و سەرۆکی هوداپار لە ئەنقەرە کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد - هوداپار لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆبوونەوە؛ دوای کۆبوونەوەکەش سەرۆکی هوداپار بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەگەر پێشنیازیان بۆ بکرێت بچنە نێو هاوپەیمانیی جمهوور، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2023 لە شاری ئەنقەرە پێشوازی لە زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار کرد.
کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و زەکەریا یاپیجیئۆغڵو لە ناوەندی سەرەکی ئاکپارتی بەڕێوەچووە. یاپیجیئۆغڵو کە هاتە بارەگای سەرەکی ئاکپارتی، ئیسحاق ساغڵام، جێگری سەرۆکی هوداپار یاوەری کرد.
دوای کۆبوونەوەکە زەکەریا یاپیجیئۆغڵو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە. لەبارەی ئەگەری چوونە نێو هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی - مەهەپە) یاپیجیئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر مەرجەکان رێگەیان پێبدات و ئەگەر پێشنیازێکی لەو شێوەیە هات، دەتوانن بەشداری لە هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردن بکەن.
یاپیجیئۆغڵو گوتی، "ئێمە هەوڵی ئەوە نادەین خۆمان هاوپەیمانیی سێیەم پێکبهێنین. تائێستا ئێمە وەک هوداپار لەگەڵ هیچ هاوپەیمانییەکدا رێکنەکەوتووین، بەڵام لەلایەن پارت و لایەنە جیاوازەکانەوە، پێشنیازمان بۆ کراوە."
پارتی دۆزی ئازاد - هوداپار، پارتێکی ئیسلامیی کوردییە و رۆژی 19-12-2012 دامەزراوە. تائێستا بەشداری لە چوار هەڵبژاردن کردووە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا لە ساڵی 2018 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 157 هەزار و 324 دەنگی بەدەستهێنا، کە دەکاتە رێژەی 0.31٪ی دەنگەکان و نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
هوداپار زۆرترین دەنگی لە پارێزگای چەولیک بەدەستهێنا کە 4.48٪ی دەنگەکانی ئەو پارێزگایە بوو، بەڵام لە شارێکی گەورەی وەکو ئامەد کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن، هیچ دەنگێکی نەهێنا.