تورکیا بە هێمنی سووریاییەکان تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

تورکیا بە هێمنی سوورییەکان تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەکات، لە رووهای باکووری کوردستان چارەکێک لە دوو ملیۆن کەسی دانیشتووانەکەی پەناخوازی سووریایین.
 
یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتیی دارایی زیاتری تورکیا دەکات، بەو هیوایەی بەردەوام بێت لە میوانداریکردنی نزیکەی سێ ملیۆن و نیو پەناخوازی سووریایی، چونکە ئەگەر وا نەبێت رەنگە بەشی زۆریان لە ئەوروپا بگیرسێنەوە.
 
نیکۆلاوس مەیەر لاندروت، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە تورکیا دەڵێت، "بەرپرسانی تورکیا وشەی تێکەڵکردن بەکارناهێنن، بەڵام لە هەمانکاتدا دان بەوەدا دەنێن کە هەلومەرجی ئێستای سووریا رێگە بە گەڕانەوە نادات و دەبێت هەموو شتێک بکرێت بۆئەوەی رێگە بە ژیانێکی گونجاو بدرێت. هەرچەندە ئاسۆی گەڕانەوە بە هۆکاری سیاسی وەستاوە، بەڵام بۆ تێکەڵکردن زۆر شت دەکرێت."
 
برۆکسل لە ساڵی 2011وە نزیکەی 10 ملیار یۆرۆی بۆ قوتابخانەکان، چاودێریی تەندروستی، بەرنامەکانی راهێنان و کردنەوەی خوول بۆ پەناخوازانی سووریایی لە تورکیا تەرخانکردووە.
 
دیانا ئارۆڵ، مامۆستای کۆرسی رستن و چنین ئاماژە بەوە دەکات، "خوول دەکەمەوە، بۆ منداڵان و بۆ خانمان. فێریان دەکەم چۆن شیرینی و کێک دروست بکەن. لەبارەی چێشتخانەوە هەموو شتێکیان فێر دەکەم."
 
800 هەزار منداڵی سووریایی لە قوتابخانە حکومییەکانی تورکیادا خراونەتە بەر خوێندن. بەو بودجەیەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پاڵپشتیی پەناخوازان تەرخانی کردووە، لە قوتابخانەکاندا پۆلی نوێ کراونەتەوە، بەڵام بەشێکی خەڵکی ناڕازین.
 
مستەفا ئاسڵان، دانیشتووی رووها باس لەوە دەکات، "چووم بۆ قوتابخانە بۆ بینینی نەوەکەم. سێ منداڵی تورک و 24 منداڵی سووری لە پۆلدا بوون. سێ هاووڵاتیی تورکیا و 24 سووری. لە قوتابخانەدا ئەو گرنگییە بە نەوەکەم نەدەدرا، کە بە ئەوان دەدرا. دژی ئەوەم. ئەم خاکە هی باب و باپیرانمانە، باپیرانمان شەڕیان کرد بۆ ئازادیی ئێرە. دەمەوێت لێرە بڕۆن."
 
لە رووها رێژەی بێکاری 15%یە. بە گوتەی کاربەدەستانی شارەکە، تەنیا 17557 هاووڵاتیی سووریایی تۆمار کراون کە کار دەکەن؛ ئەوانی دیکە بە شێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن و زۆرجار مووچەیەکی کەمیان پێ دەدرێت.
 
راپۆرتێکی وەقفی توێژینەوەی سیاسەتی ئابووری دەڵێت، 48%ی سووریاییەکانی نێو تورکیا بە شێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن و 41%یشیان مووچەیەکی کەمیان لە هاووڵاتییانی تورکیا پێدەدرێت.