وەزیرێکی پێشووی ئاکپارتی: دەسەڵات پاڵ بە گەنجانەوە دەنێت بچنە باوەشی پەکەکە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری پێشووی پەروەردەی تورکیا لەبارەی سڕینەوەی ئەو رێنماییانەی هاتووچۆ، کە بە کوردی لە شەقام و رێگەوبانەکان نووسراون دەڵێت: "بە شێتی دەزانم". هەروەها دەڵێت، رەفتار و کردەوەکانی دەسەڵات هۆکارن بۆ چوونی گەنجانی کورد بۆ قەندیل.
 
حوسێن چەلیک، وەزیری پێشووی پەروەردەی تورکیا شەوی رابردوو لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە سڕینەوەی رێنماییەکانی هاتووچۆ بە زمانی کوردی لە بەشێک لە شەقام و رێگەوبانەکانی ئامەد، مێردین و ئێلیهـ کرد و گوتی، ئەو کارە "بە شێتی دەزانم و ئەوەش ئەنجامی هاوبەشیە لەگەڵ مەهەپە".
 
حوسێن چەلیک کە کوردە، رەخنەی لەو سیاسەتە گرت ئێستا ئاکپارتی لە بابەتی پرسی کورد پەیڕەوی دەکات و گوتی: "دەوڵەتی عوسمانی رووخا. تاکە عەشیرەتی موسوڵمان کە خیانەتیان لە تورک نەکرد کورد بوون. لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆیی و لە کۆنگرەی ئەرزەڕووم و سێڤاس پێکەوە بوون. رووداوی شێخ سەعید کرا بە بیانوو، یاسای تەکری سوکون دەرکرا و کورد پشتگوێخرا".
 
چەلیک لەگەڵ ئەوەدا نییە کورد و پەکەکە پێکەوە ببەسترێنەوە و پێیوایە سیاسەتی حکومەت گەنجان پاڵ پێوەدەنێت بچنە باوەشی پەکەکە.
 
چەلیک دەڵێت: "پەکەکە بە شتێکی جیا دەزانم. بە درێژایی تەمەنم رقم لە پەکەکە بووە. ئەگەر هەموو کورد لە روانگەی پەکەکە ببینیت و هەڵسەنگێنی، هەڵەیەکی گەورە دەکەی. کورد گەلێکی موسڵمان و دیندارە. دەنگی بە ئاکپارتی دا، بەڵام بەم سیاسەت و رێکارانەی ئێستا، رۆژانە کەمێک زیاتر پاڵ بە کوردەوە دەنێن و بەداخەوە دەیڵێم بەشێكی بەرچاویان پاڵ دەنێن بۆ باوەشی پەکەکە". 
 
لە شارەکانی ئامەد، مێردین و ئێلیهـ شارەوانییەکانی سەر بە دەمپارتی لەسەر بەشێک لە شەقام و رێگەوبانەکانی نێو شار لە پاڵ زمانی تورکی، زمانی کوردیان بۆ رێنماییەکانی هاتووچۆ زیاد کرد. هۆشداریی وەک "پێشی پەیا" بۆ پیادە و "هێدی" بۆ شۆفێران زیادکرا، بەڵام بە فەرمانی پارێزگار بە بیانووی "پابەند نەبوون بە ستانداردەکان" سڕاونەتەوە.