لە تورکیا دوو کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بەندکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، هەشت کەس دەستبەسەر کران. بە بڕیاری دادگە دوو کەسیان خرانە زیندانەوە و شەش کەسەکەی دیکە بە مەرجی دادی ئازادکران.
ئۆپەراسیۆنەکە ئەمڕۆ هەینی، 5ـی نیسانی 2024، لە شاری ئیستەنبووڵ بە هاوئاهەنگیی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستەنبووڵ و بەڕێوەبەرایەتی دەزگەی هەواڵگریی میت و بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆر کرا.
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "ئێمە بەدواداچوون دەکەین. هەرگیز رێگە بە چالاکییەکانی سیخوڕی نادەین کە بە مەبەستی تێکدانی یەکێتیی نیشتمانی و هاودەنگیمان لە سنوورەکانی وڵاتەکەماندا بکرێت".
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا، ئەو تۆمەتبارانە دەستنیشان کران کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل کردووە، زانیارییان لەسەر ئەو کەس و کۆمپانیایانە لە تورکیا کۆکردووەتەوە کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج، هەروەها ئەو زانیاری و بەڵگەنامانەی کە کۆیانکردونەتەوە بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلیان ناردووە.