هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە: کێشەی کورد هۆکارێکی دەرچوونی ئیی پارتییە لە هاوپەیمانیی میللەت


رووداو دیجیتاڵ    

 

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رایگەیاند، بە هاوپەیمانییەکی تایبەت بە خۆیان دەچنە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئامادەی سازانن بۆ بەربژێری هاوبەشی سەرۆککۆمار؛ هەروەها هیوادارە لەگەڵ هاوپەیمانیی میللەت بەربژێرێکی هاوبەشیان هەبێت. 

سەزایی تەمەللی، پەرلەمانتار و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، رۆژی یەکشەممە 5-3-2023 بووە میوانی بوولتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو و لەبارەی هەڵوێستی پارتەکەی سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکان لە هاوپەیمانیی میللەت رایگەیاند: "پێش رووداوی بوومەلەرزەکە بە جیدی کارەکانمان بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری خۆمان چڕکردبووەوە. بەڵام دوای ئەو کارەساتە گەورەیە کە بوومەلەرزەکە بوو، بڕیارماندا کاری لەپێشینەمان هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ ناوچەی بوومەلەرزەلێدراوەکان و ساڕێژکردنی برینەکان بێت." 
 
"کێشەی کورد هۆکارێکی دەرچوونی ئیی پارتییە لە هاوپەیمانیی میللەت"
 
تەمەللی رایگەیاند، هیچ دیدارێکیان لەبارەی بەشداربوونی پارتەکە لەگەڵ هاوپەیمانیی میللەت نەکردووە و گوتی: "یەکێک لە هۆکارەکانی دەرچوونی ئیی پارتی لەسەر مێزی شەشقۆڵی، بێگومان کێشەی کوردە. ئێمە ئەمە بە باشی دەزانین. ئەمڕۆ ئەمەتان لە یاریی بورسا بینی. نەژادپەرستی و فاشیزم لەسەر حسابی پرسی کورد گەورە دەبێت، هەروەها خۆی لەسەر دوژمنداریکردنی کورد بەخێودەکات. ئێمە هەوڵێکمان بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە هەیە. پێویستە بابەتەکەی ئیی پارتیش لەم رەهەندەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. هەر دەسەڵاتێک ئەگەر نەتوانێ کێشەی کورد چارەسەر بکات، هیچ کێشەیەکی تورکیای بۆ چارەسەر ناکرێت. ئەمە زۆر بە روونی لە دەسەڵاتی ئاکەپە بینرا." 
 
"ئەگەر دەوڵەت سەرچاوەکانی بۆ جەنگ تەرخان بکات، ناتوانێ بەهانای خەڵکەوە بچێت"
 
یەکێکی دیکە لەو مژارانەی سەزایی تەمەللی باسیکرد، بوومەلەرزەکەی 6-2-2023 بوو کە هێشتا کاریگەرییەکانی بەردەوامن. تەمەللی دەوڵەتی تۆمەتبار کرد و گوتی: "ئەگەر دەوڵەت تەواوی سەرچاوەکانی بۆ جەنگ تەرخان کردبێت، بێگومان ناتوانێ بە هانای خەڵکەوە بچێت." 
 
"بە هاوپەیمانیی خۆمانەوە دەچینە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئامادەی سازانین بۆ بەربژێری هاوبەشی سەرۆککۆمار"
 
لەبارەی بوون یان نەبوونی هەوڵێک لەلایەن هەدەپە بۆ ئەوەی بەشداری لە هاوپەیمانیی میللەت بکات، سەزایی تەمەللی رەتیکردەوە هیچ هەنگاوێکی وەهایان نابێت. هەروەها جەختیکردەوە کە هێڵی سیاسەتکردنی هەدەپە جیاوازە، بەڵام هەدەپە ئامادەیی خۆی بۆ سازان لەسەر بەربژێرێکی هاوبەشی پۆستی سەرۆککۆمار نیشانداوە و گوتی:"ئێمە بە هاوپەیمانیی خۆمانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا دەکەین. بە ئەگەرێکی زۆر هاوپەیمانیی میللەتیش هەر وادەکات. بەڵام لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا هەروەک دوێنێش رامانگەیاند، بە ئەرینییەوە لە بەربژێری هاوبەش دەڕوانین و ئەم هەڵوێستەمان بەردەوامدەبێت. هیوادارم لە بابەتی بەربژێری هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، سازان بکرێت و بە هێزەوە دژ بەو دەسەڵاتە فاشیزمە دەڕۆینە هەڵبژاردن." 
 
"هاوپەیمانیی میللەت لەگەڵ هەدەپە کۆدەبێتەوە" 
 
تەمەللی هەروەها باسی لەوە کرد کە هەدەپە چەند هاوپەیمانییەکی دیکەی هەیە؛ هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی لەلایەک و هاوپەیمانیی کوردستانی لەلایەکی دیکە. 
 
لەبارەی بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت تەمەللی گوتی: "مێزی شەشقۆڵی کە ئیدی دەتوانین مێزی پێنج قۆڵیشی پێ بڵێین، پێموایە رۆژی دووشەممە بەبژێریان رادەگەیێنن. زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی دوای راگەیاندنی بەربژێریان لەگەڵ پارتە جیاوازەکاندا کۆبوونەوە دەکەن. پێموایە لەگەڵ هەدەپەش دیداریان دەبێت." 
 
"ئەگەری نزیکبوونەوەی ئاکپارتی و هەدەپە دوورە"
 
سەزایی تەمەللی ئەگەری نزیکبوونەوەی هەدەپە و ئاکپارتیی بە دوور دەزانێت و گوتی: "ئەمڕۆ ئاکەپە لەگەڵ مەهەپە خزاوەتە سەر هێڵێکی فاشیزمانە. ئەو هێڵە فاشیزمانەیە هەروەک چۆن هیچ کێشەیەکی تورکیا چارەسەر ناکات، بە هەمان شێوە هەڵوێستیان لە کێشەی کوردیشدا بە تەواوی شەڕ و تووندوتیژییە. ساڵانێکی زۆرە خەڵکی تورکیا تێگەیشتوون لەوەی شەڕ و تووندوتیژی چارەسەری ئەم کێشەیە ناکات. تاکە چارەسەر، چارەسەری دیموکراسیانەیە. ئێمە وەکو دژبەرانی سیاسەتی جەنگ زووتر رامانگەیاندووە کە لەگەڵ عەقڵێکی وەهادا ناسازێین. ئەمە دژی بەرنامەی ئێمەیە. ئێمە جەنگ و ستەم قبووڵناکەین و ئەوەش قبووڵناکەین گەلی کورد حسابی بۆ نەکرێت." 
 
"دوای بوومەلەرزە دەنگی هەدەپە بەرزبووەتەوە"

 

سەزایی تەمەللی باسی لە راپرسی و بەدواداچوونی دەنگی هەدەپە کرد و جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی بەر لە بوومەلەرزەکەی مەڕەش بۆیان دەرکەوتووە کە پارتەکەیان 12٪ی دەنگەکانی هەیە. هەروەها ئاماژەی بە دابەزینی بەردەوامی دەنگی هاوپەیمانیی جمهوور کرد و نەیشاردەوە کە لە تورکیادا رێژەی بێ بڕیار بەرزە. تەمەللی هەروەها رایگەیاند دوای بوومەلەرزەکە دەرکەوتووە دەنگەکانی هەدەپە بەرزبووەتەوە و بلۆکی دژایەتیی ئاکپارتی-مەهەپە بەرەو بەهێزبوون دەچێت. پەرلەمانتارەکەی هەدەپە ئەمەی بە هیوایەکی گەورە بۆ تورکیا وەسفکرد.
 
"ئەگەر بەربژێری هاوبەشمان هەبێت بۆی هەیە لە خولی یەکەمدا بیبەینەوە"
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە هاوکێشەکانی دوای دەرچوونی ئیی پارتی لە هاوپەیمانیی میللەت، سەزایی تەمەللی گوتی: "هیچ لێکۆڵینەوە یان راپرسییەکی گشتگیری مەیدانی لە ئارادا نییە، بەڵام بە ناسنامە لێکۆڵینڤانییەکەی خۆم دەتوانم بڵێم؛ دوای کشانەوەی ئیی پارتی، بلۆکی دژبەرانی ئەردۆغان لەبری لاوازبوون، ئەگەری بەهێزبوونی زیاترە. ئەمە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بلۆکی دەسەڵات لاوازبووە و لە دیدی خەڵک بەها و رەوایەتیی نەماوە. من وای بۆ دەچم هاوپەیمانیی میللەت و هاوپەیمانییەکانی هەدەپە ئەگەر لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون، دەکرێ لە خولی یەکەمدا و بێ ئەوەی هەڵبژاردنەکە بچێتە خولی دووەم، ئەنجامێکی ئەرێنیی هەبێت".
 
"ئەگەر لەسەر بەربژێری هاوبەش رێکبکەوین، بەربژێر راناگەیەنین"
 
هەدەپە پێشتر باسی لەوە کردبوو کە کار لەسەر دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەکات. سەزایی تەمەللی لەبارەی دواکەوتنی پرۆسەکە رایگەیاند، بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەوە پرۆسەکە خاو بووەتەوە، ئەگەرنا چەند ناوێک هەن و هەڵسەنگاندن دەکرێت لە بابەتەکە. تەمەللی هەروەها ئاماژەیکرد کە ئەگەر لەگەڵ هاوپەیمانیی میللەت بگەنە رێککەوتن لەوەی کەسێک وەکو بەربژێری هابەش دەستنیشان بکەن، هەدەپە بەربژێری خۆی دەکێشێتەوە و رایناگەیێنێت.