دەمیرتاش: لە دوێنێ یەکگرتووتر دەبین و پێکەوە سەردەکەوین
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی پێنج پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بەبێ مەرال ئاکشنەر، سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، "لە دوێنێ یەکگرتووتر دەبین و پێکەوە سەردەکەوین."
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رووی دەمی دەکاتە خەڵک و دەڵێت، "نیگەران مەبن. سەرکردەکان هاوشێوەی ئێوە تەنها یەک دەنگیان هەیە. مۆرەکە لە دەستی ئێوەدایە. ئاییندەی جوان لە دەستی ئێوەدایە، ئێوە گەلن. بەو رێگەیەدا بڕۆن کە باوەڕتان پێی هەیە، با سەرکردەکان لەدوای ئێوەوە بێن."
لە تویتێکی دیکەدا هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە نووسیویەتی، "ئێمە لە دوێنێ یەکگرتووتر دەبین، تووندتر یەکدیی لە ئامێز دەگرین. من و تۆ نییە؛ ئێمە هەین و پێکەوە سەردەکەوین."
سەبارەت بەو قەیرانەی لە مێزی شەش حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بە سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو روویدا، هەمان رۆژ میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "داوا لە هەموو ئۆپۆزیسیۆنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکەین لەپێناو زیادکردنی هیوا، لە دەوری ئامانجەکانی دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی کۆببنەوە."
سانجار گوتیشی، "ئێمە پێکەوە دەگۆڕین و پێکەوە سەردەکەوین. رۆژ رۆژی گەورەترکردنی هیوا و خەباتی هاوبەشە. هەدەپە لەو رووەوە ئاگاداری هەموو بەرپرسیارێتییەکانی خۆیەتی، خاوەن ئەزموون و ئیرادە و بڕیارە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەرپرسیارێتییانە. با کەس نائومێد نەبێت و متمانەی لەدەستنەدات."