بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەواوە 238 گەشتی ئاسمانی لە ئیستەنبووڵ هەڵوەشێندرانەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارین کە ئیستەنبووڵی گرتووەتەوە و کەشوهەوای شارەکەی ناسەقامگیر کردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی شوباتی 2023، کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان ناچار بوون 238 گەشتی ئاسمانییان هەڵبوەشێننەوە.
 
نیوەشەوی رابردوو، هەریەک لە کۆمپانیاکانی تورکیش ئێرلاین، پێگاسووس و ئەنادۆڵو ژێت، گەشتە ئاسمانییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانیان بۆ 48 کاژێر راگرت. کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین رایگەیاند 238 گەشتی ئاسمانیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە رۆژانی 5-6ـی شوبات بەهۆی خراپیی کەشوهەوای ئیستەنبووڵ هەڵوەشاندووەتەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین، 72 گەشتی ناوخۆیی و 166 گەشتی نێودەوڵەتی لە هەردوو فڕۆکەخانەی شارەکە هەڵوەشاندووەتەوە و لە رێگەی ماڵپەڕەکەیەوە ئاگاداری پێویستی بۆ گەشتیاران دەرکردووە. 
 
رۆژی 1ـی شوباتی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینییەکانی لەبارەی دۆخی کەشوهەوای ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی 5ـی شوبات شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە و بەفربارین ئیستەنبووڵ دەگرێتەوە و پلەی گەرما بۆ سێ پلەی ژێر سفری سەدی دادەبەزێت و دۆخەکە تاوەکو 9ـی شوبات بەردەوام دەبێت.