پارێزگایەکی باکووری کوردستان ژمارەی پێوانەیی لە هەناردەی قەیسی دەشکێنێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای مەڵەتی لە باکووری کوردستان ساڵی 2021 بە بەهای 347.9 ملیۆن دۆلار قەیسیی وشکی هەناردەی 115 وڵاتی جیهان کردووە. سەرۆکی بۆرسەی بازرگانیی مەڵەتی رایگەیاند، مەڵەتی لە هەناردەکردنی قەیسیی وشکدا ژمارەی پێوانەیی پێنج ساڵی تۆمار کردووە.
رەمەزان ئۆزجان، سەرۆکی بۆرسەی بازرگانیی مەڵەتی دەڵێت، "لە ساڵی 2021 بەگشتی 90 هەزار و 203 تۆن قەیسیی وشکمان هەناردە کردووە. ئەمە ژمارەیەکی زۆر گرنگە. لە بەرامبەر هەناردەکردنی 90 هەزار و 203 تۆن قەیسیی وشک 347 ملیۆن 905 هەزار دۆلار داهاتمان دەستکەوتووە. بەمەش ژمارەی پێوانەیی پێنج ساڵمان شکاند لە ئەمساڵدا".
یەکێک لەو وڵاتانەی قەیسیی مەڵەتیی کڕیوە، وڵاتی چین-ە کە بە بەهای 6.3 ملیۆن دۆلار بووە، سەرەڕای هەموو ئەو سەختییانەی رووبەڕووی جووتیاران بوونەتەوە، مەڵەتی ساڵی 2021 توانیی ژمارەی پێوانەیی 2020 بشکێنێت.
سەرۆکی بۆرسەی بازرگانیی مەڵەتی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر سەیری ئامارەکانی ساڵی 2020 بکەین، 89 هەزار و 725 تۆن قەیسیی وشکمان هەناردە کردووە و 264 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، بەڵام ئەگەر سەیری داهاتی ئەمساڵ بکەین کە 347 ملیۆن دۆلارە، جیاوازیی 83 ملیۆن دۆلار زیادبوون هەیە".
زۆرترین هەناردەی قەیسیی وشک لە مانگەکانی ئاب تاوەکو کانوونی یەکەمی 2021 کراوە. ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشەنگی ئەو وڵاتانەن کە لە مەڵەتییەوە قەیسیی وشکیان بۆ هەناردە کراوە.
پارێزگای مەڵەتی بە پایتەختی قەیسی دادەنرێت، ئەو ژمارە پێوانەییەش لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆر لە جووتیاران ناڕەزایی بەرامبەر حکومەت نیشاندەدەن بەوەی پشتگیرییەکی وا ناکرێن.