لە ئیستەنبووڵ تەرمی سێ منداڵی کورد دۆزرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئیستەنبووڵی تورکیا، سێ منداڵ کە برا بوون و ماوەی دوو رۆژ بوو بێسەروشوێن بوون، بە مردوویی دۆزرانەوە.
ئەو سێ منداڵە کوڕە، کوردن و خەڵکی پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستانن. کاتێک رۆژی دووی تشرینی یەکەمی 2023 لە گەڕەکی هیلال لە ناوچەی سانجاکتەپەی ئیستەنبووڵ لە کۆڵان یارییان دەکرد، لە کاژێر 17:00 دیار نەمان و هەڵمەتی گەڕان بۆ دۆزینەوەیان دەستی پێکرد.
درەنگانی شەوی رابردوو، پاسەوانی ئەو باڵەخانەیەی کە لە تەنیشت ماڵی ئەو سێ برایە دروست دەکرێت، تەرمی منداڵێکی لەنێو ئاوی بناخەی باڵەخانەکەدا دۆزیەوە و پۆلیسی لە رووداوەکە ئاگادار کردەوە.
تیمەکانی پۆلیس، تەندروستی و بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران. دوای ئەوەی ئاوی بناخەی باڵەخانەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بەتاڵکرا، تەرمی ئەو سێ منداڵە دۆزرایەوە.
تەرمی بەرات ساغنی تەمەن حەوت ساڵ، باران ساغنی تەمەن نۆ ساڵ و باتوهان ساغنی تەمەن 11 ساڵ بۆ پزیشکی دادوەری گوێزرایەوە بە مەبەستی پشکنین.