توێژینەوەیەک: تێچووی مانگانەی ژیان لە ئیستەنبووڵ 1,400 دۆلاری تێپەڕاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی توێژینەوەیەک، کە لەلایەن دەزگای پلاندانانی ئیستەنبووڵ بڵاوکراوەتەوە، تێچووی مانگانەی ژیان لە ئیستەنبووڵ 38 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە کە دەکاتە 1,408 دۆلاری ئەمریکی.
دەزگای پلاندانانی ئیستەنبووڵ ئەمرۆ هەینی توێژینەوەی تێچووی ژیانی لە ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە. بەگوێرەی توێژینەوەکە، تێکڕای تێچووی ژیانی خێزانێکی چوار کەسی لە ئیستەنبووڵ بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 73.74٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 38 هەزار و 828 لیرە، کە دەکاتە 1,438 دۆلار. تێکڕای تێچووی ژیان لە ئیستەنبووڵ بەراورد بە مانگی پێشوو سێ هەزار و 448 لیرە زیادیکردووە کە دەکاتە 127 دۆلار و 77 سەنت.
توێژینەوەکە دەریخستووە تێچووی ژیان لە ئیستەنبووڵ بە بەراورد بە مانگی پێشوو بە رێژەی 9.75٪ ، بە بەراورد بە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی 40.69٪ زیادیکردووە، هەروەها بەراورد بە مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو، زیادبوونی ساڵانەی تێچووی ژیان لە ئیستەنبووڵ 73.24٪ زیاد بووە.
لە مانگی تەممووزدا تێکڕای تێچووی ژیانی خێزانێکی چوار کەسی لە ئیستەنبووڵ بە 38 هەزار و 828 لیرە هەژمار کراوە. تێکڕای تێچووی ژیان لە ئیستەنبقوڵ لە مانگی حوزەیران 35 هەزار و 380 لیرە بووە. لە مانگی تەمموزدا ئەم تێچوونە بە بەراورد بە مانگی پێشوو سێ هەزار و 448 لیرە زیادیکردووە.
بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی نرخی بەشێک لە بەرهەمەکان کە لە ماڵەکاندا زۆر بە چڕی بەکاریان دەهێنن، دەرکەوتووە کە یەکێک لە بەرزترین بەرزبوونەوەی نرخەکان بە بەراورد بە مانگی تەمموزی ساڵی پێشوو، لە نرخی زەیتی زەیتوندا بووە، کە بە رێژەی 94.31٪ بەرزبووەتەوە.