ئەو سێ کەسەی لە ئانتاڵیا گەنجێکی سووریاییان بە چەقۆ کوشت، زیندانی کران
روودو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئانتاڵیای تورکیا سێ کەس کە لەسەر شەقام هێرشیان کردە سەر گەنجێكی سووریایی تەمەن 17 ساڵ و بە چەقۆ کوشتیان، بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (سێی تەمموز) هەریەک لە (ر.ئۆ.) ـی تەمەن 17 ساڵ، (یە.یە.) ـی تەمەن 15 ساڵ و (ئی. ئا.)ـی تەمەن 17 ساڵ درانە دادگە کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە دوو ـی تەمووز بەتۆمەتی کوشتنی ئەحمەد هەندان ئەلنایف ـی تەمەن 17 ساڵ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا بوون.
تەرمی نایف دوای رێکارەکانی پشکنینی جەستەی لە مردووخانەی پزیشکی دادی ئانتالیا، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە گەڕێندرایەوە بۆ سووریا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی هێرشی گرووپە نەژادپەرستەکانەوە لە شارۆچکەی "سەریک" سەر بە ئانتاڵیا 40 پەنابەر کە منداڵ و ژنیان تێدایە، لە بنکەی پۆلیس راگیراون و ئەوانەی ناسنامەی پاراستنی کاتییان نییە، دیپۆرت دەکرێنەوە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە دوو ـی تەمووز لە گەڕەکی کۆکەز سەر بە شارۆچکەی سەریک کرێکارێکی پەنابەری سووریایی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی ئەحمەد هەندان ئەلنایف کاتێک لە شەقامێکی گەڕەکەکەی خۆی بە پێ دەڕۆیشت، لەلایەن سێ کەسەوە وەستێندرا کە لە دوو ماتۆڕسکیل دابەزین. چەقۆ هێرشی کرایەسەر و لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا.
لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی پۆلیس دوای رووداوەکە ئەنجامیاندان، هەرسێ تۆمەتبار کە پێشینەی تاوانی جۆراوجۆریان هەبووە، دۆزرانەوە و دەستبەسەرکران.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 30 حوزەیران لە گەڕەکی دانشمەتگازی شارۆچکەی مەلیکگازی سەر بە پارێزگای قەیسەری تورکیا، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵیکی شەش ساڵی سووریایی لەلایەن پیاوێکی هاونیشتمانیی خۆیەوە، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاووڵاتیانی تورکیا و سووریاییەکانی نیشتەجێی ئەو گەڕەکە روویدا.
دوای ئەو تۆمەتە خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە و هێرشیانکردە سەر دووکانەکان و هاووڵاتیانی سووریا.
بەشێک لە دووکان و ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلەکانیان سووتێندران. لە رووداوەکاندا 14 پۆلیس و کارمەندێکی بەرگریی شارستانی برینداربوون.
دوای بڵاوبونەوەی دیمەنی رووداوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەرەسەندەنی ئاڵۆزییەکان، دواکاری گشتیی قەیسەری قەدەخەی خستە سەر بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەی رووداوەکان و، بڕیاری سنووردارکردنی بۆ دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە دەرکرد.
پاش رووداوەکانی قەیسەری و ناڕەزایەتییەکان دژی هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا، ئێوارەی رۆژی دووشەممە (یەکی تەمموز) لە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستان، هێرشکرایە سەر هاووڵاتییانی سووریا.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی سێشەممە دووی تەمووز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند "بەهۆی هێرشەکانی رۆژی دووشەممەوە 474 کەس دەستبەسەرکراون دوای ئەوەی بە بەکارهێنانی رێگەی نایاسایی، کردەوەی ئاژاوەگێڕیان (دژە کۆچبەران) کرد."