فڕۆکەیەکی سەربازیی تورکیا تێکشکا و دوو فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە، فڕۆکەیەکی سەربازیی لە کاتی راهێناندا لە نێوەڕاستی ئەو وڵاتە تێکشکا و هەردوو فڕۆکەوانەکەی گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە فڕۆکەکە بە مەبەستی راهێنان، لە بنکەیەکی سەربازیی شاری قەیسەری فڕیوە و دوای ماوەیەک تێكشکاوە، بێئەوەی هۆکارەکەی بزانرێت.
میدیای تورکیا ژمارەیەک وێنەی بڵاوکردنەوە کە پێشانیدەدات دووکەڵی رەش لە لاشەی تێکشکاوی فڕۆکەکە لە زەویەکی کشتوکاڵی بەرزدەبێتەوە.
تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە، فریاکەوتن و پۆلیس لە شوێنەکە سەرقاڵی کارکردن بوون. عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خێزانی شەهیدەکان و سوپا قارەمانەکەمان و وڵاتەکەمان دەکەم."