ئەو هاونیشتمانییەی لە ئیستەنبووڵ گوتی 'ئێرە هەرێمی کوردییە' دەستبەسەرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی کوردی نیشتەجێی ئیستەنبووڵ، کە لە چاوپێکەوتنی سەر شەقام لەگەڵیدا لە ناوچەی ئەسەنیورت گوتی، "ئێرە هەرێمی کوردییە،" دەستبەسەر کرا.
 
ئەو هاونیشتمانییە کوردە، کە ناوی "یە. سە." لە چاوپێکەوتنێکی سەر شەقامدا لە ناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ، کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن، ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر پارتی زەفەر، کە لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان خێمەی هەڵداوە و گوتی، "ئێرە هەرێـمی کورییە، هەڵەیە حیزبێک کە جنێوم پێدەدات لێرە خێمەی هەڵداوە. خێمەی پارتی زەفەر لێرە ئیشی چییە؟"
 
ژمارەیەک لەو کەسانەی لە شوێنی رووداوەکە بوون، بەرپەرچی هاونیشتمانییە کوردەکەیان دایەوە و گوتیان، "تیرۆریست"، "شتێک نییە بە ناوی هەرێمی کوردی، ئێرە کۆماری تورکیایە، هەرێمی کوردی کوێیە؟" هەروەها پێیشی گوترا، "تیرۆریستینە، کوردستان دانەمەزراوە و دانامەزرێت."
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 3ی ئاداری 2024، ئەو هاونیشتمانییە کوردە بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ رق و کینە لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیستەنبووڵەوە دەستبەسەرکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.