وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا: 405 هەزار شوقە لە پارێزگا بوومەلەرزە لێدراوەکاندا دروستدەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا دەڵێت، دەست بە دروستکردنی شوقە لە پارێزگا بوومەلەرزەلێدراوەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکەن و لە قۆناخی یەکەمیشدا 405 هەزار شوقە دروست دەکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا کە ئەمڕۆ شەممە 4ی ئاداری 2023 بڵاویکردەوە، لە قۆناخی یەکەمی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکاندا 405 هەزار شوقە و 83 هەزار و 149 خانوو لە شار و گوندەکان لە هەر 11 پارێزگا بوومەلەرزەلێدراوەکان دروستدەکرێن.
وەزارەتەکە بەگوێرەی خشتەیەکی دیاریکراو، ژمارەی شوقە و خانووی گوندەکان بڵاوکردەوە کە بەمشێوەیەیە:
لە هاتای 146 هەزار و 650 شوقە، لە مەرەش 88 هەزار و 500 شوقە، لە مەلەتی 66 هەزار و 230 شوقە، لە سەمسوور 47 هەزار و 350 شوقە، لە دیلۆک 27 هەزار و 150 شوقە، لە عوسمانییە 12 هەزار و 425 شوقە، لە ئامەد 6000 شوقە، لە خارپێت 4500 شوقە، لە رووها 3000 شوقە و لە کیلیس 1800 شوقە دروستدەکرێن.
هەروەها ژمارەی خانووی گوندەکان بەمشێوەیەیە:
لە مەلەتی 21 هەزار و 549 خانوو، لە مەرەش 18 هەزار و 874 خانوو، لە هاتای 14 هەزار و 997 خانوو، لە سەمسوور 13 هەزار و 987 خانوو، لە دیلۆک 6506 خانوو، لە خارپێت 1602 خانوو، لە کیلیس 1368 خانوو، لە رووها 812 خانوو، لە ئامەد 716 خانوو، لە ئادانا 7 خانوو بۆ گوندەکان دروستدەکرێن.
وەزارەتی ژینگە و شارسازیی تورکیا لەبارەی زیانی باڵەخانە رووخاوەکان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا پشکنین بۆ 1 ملیۆن و 622 هەزار باڵەخانە کراوە کە لە 4 ملیۆن و 953 هەزار شوقە پێکدێن؛ دەرکەوتووە 212 هەزار باڵەخانە کە لە 604 هەزار و 856 شوقە پێکدێن، زیانی زۆریان بەرکەوتووە و پێویستە بەپەلە بڕووخێندرێن.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 45 هەزار و 89 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 115 هەزار کەس برینداربوون.
بوومەلەرزەکە کاریگەری گەورەیشی لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبووە و نزیکەی 6 هەزار کەس لەوێ گیانیان لەدەستداوە.