سەرۆکی جەهەپە: باخچەلی بە دەم پارتی دەگوت تیرۆریست و لە پەرلەمان تەوقەی لەگەڵ کردن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەم پارتیی بە "لانەی تیرۆر" ناوزەد کرد، بەڵام لە پەرلەمان تەوقەی لەگەڵدا کردن.
 
ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی جەهەپە رۆژی پێنجشەممە 3-10-2024 سەردانی شارەوانیی ئەنتاڵیای کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە چەند تەوەرێکی جیاواز کرد.
 
سەرۆکی جەهەپە رەخنەی لە دەولەت باخچەلی گرت و ئاماژەی بەوەکرد کە مەهەپە بە هەموو شێوەیەک دەم پارتی بە "تیرۆریست" ناوزەد دەکات، بەڵام چوونەتە لایان و تەوقەیان لەگەڵدا دەکەن.
 
ئۆزەل گوتیشی: "ئەو پارتەی هاوسەرۆکەکەی بە دەستبەسەرکردن دا و دەیگوت با نەیەتە دەرەوە، ئەو پارتەی دەیگوت با هاوکاریی دارایی پێنەدرێت، هەر خۆیان چوون و تەوقەیان کرد. بەخوا من پێشتر هێندەی بەڕێز دەولەت بەو گەرم و گوڕییەوە تەوقە و باوەشم لەگەڵ نەکردوون".
 
لە دوای دوو مانگ لە پشوو، پەرلەمانی تورکیا رۆژی سێشەممە 1-10-2024 دەستی بە کۆبوونەوەکانی کردەوە. لە کاتی دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە ناو هۆڵی پەرلەماندا سەردانی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ی کرد و تەوقەی لەگەڵ تونجەر باکرهانی هاوسەرۆکیان و سەزایی تەمەللی، پەرلەمانتار کرد.
 
دیمەنی ساتی چوونی باخچەلی بۆ لای دەم پارتی و تەوقەکردن و گفتوگۆکانیان بە خێرایی لە میدیای تورکیادا بڵاوبووەوە و بووە رۆژەڤی ئەو وڵاتە.
 
لەمبارەیەوە دەولەت باخچەلی وەڵامی پرسیاری میدیای دایەوە و گوتی: "دەڕۆینە قۆناخێکی نوێ. پێموایە لەکاتێکدا لە جیهاندا داوای ئاشتی دەکەین، پێویستە لە وڵاتەکەماندا ئاشتی فەراهەم بکەین".
 
ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، دەولەت باخچەلی لە گوتارەکانیدا رەتیدەکاتەوە دەم پارتی، پارتێکی سیاسی بێت و بە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناوی دەبات.