داوای پێنج ساڵ زیندانی بۆ هێرشکارەکەی سەر بارەگای هەدەپە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەو ژنەی پار لە پارێزگای ئەدەنە هێرشی کردە سەر باڵەخانەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) داوای 5 ساڵ زیندانی بۆ دەکرێت.
پرۆسەی دادگەیی ئاسڵی جافری، ئەو ژنەی رۆژی 20-8-2023 هێرشی کردە سەر بارەگەی هەدەپە لە پارێزگای ئەدەنەی تورکیا، بەردەوامە.
ئەو سکاڵایەی لە دژی جافری تۆمارکرابوو، لەلایەن دادگەی هەشتەمین دادگەی ئەسڵییەی ئەدەنەوە پەسندکرا و پرۆسەی دادگەیی بەردەوامە.
جافری 3 بوتڵ ماددەی سووتێنەری (سپرتۆ)ی چڕی گواستبووەوە باڵەخانەکە و بەگوتەی بەشێک لە شایەتحاڵان، نیازی سووتاندنی باڵەخانەکەی هەبووە، بەڵام تۆمەتبار ئەمە رەتدەکاتەوە.
داواکاری گشتی پێداچوونەوەی بە سکاڵانامەکەدا کرد و داوایکرد تۆمەتبار لەسەر مادەی 'هەڕەشەکردن بە چەک' بە سزای زیندانیی 2 بۆ 5 ساڵ سزا بدرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە ئاسڵی جافری تۆمەتەکان قبووڵ ناکات و دەڵێت، ئەوکات بەهۆی بەکارهێنانی چەند چارەسەر و دەرمانێک ئەو کاریگەرییەی لەسەر دروست بووەو ئەو کارەی کردووە.
چاوەکان لەسەر بڕیاری دادگەن کە ئەم ئێوارەیە پێنجشەممە، 3-10-2024، بەڕێوەدەچێت و چاوەڕێ دەکرێت بڕیار لەمبارەیەوە بدرێت.