لە باکووری کوردستان و تورکیا 90 کەس بە تۆمەتی پەکەکە بوون دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنیەکانی تورکیا کە بە هاوبەشیی دەزگای هەواڵگری - میت و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و جەندرمە بەڕێوەچوو، 90 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکران. 
 
ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2023  لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی رووها لە 18 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامدرا، پارێزگای رووها ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکەیە. 
 
هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگاکانی رووها، ئامەد، دیلۆک، مێردین، ئێلیهـ و شرنەخی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئانتاڵیا، ئادانا، بورسا، مێرسین، دەنیزلی، کۆنیا، قەیسەری، ئیسپارتا، باڵکئەسیر، کۆجائەلی و ئاماسیای تورکیا هەڵیانکوتایە سەر چەندین ناونیشان و 90 کەس دەستگیرکران. 
 
کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە نزیک وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە تەقینەوەیەک روویدا. 
 
نزیکەی 10 کاژێر دوای رووداوەکە، پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە "خۆکوژیی"ـەکەی بەردەم وەزارەتی نێوخۆی تورکیا راگەیاند. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە کاژێر 08:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە 18 پارێزگادا کۆی گشتی 466 ئۆپەراسیۆنی بچووک و مامناوەند بۆ سەر شانە نووستووەکانی پەکەکە ئەنجام دەدرێن و تائێستا 90 کەس دەستگیرکراون. 
 
عەلی یەرلیکایا دەڵێت، دەزگای هەوڵگری - میت و ئاسایش بۆ دەستنیشانکردن و لەناوبردنی شانە نوستووەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، سووریا و ناوخۆی تورکیا ماوەی 10 مانگە بە چڕی کار دەکەن و دوای دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی بۆ پەکەکە کار دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ئەو رێکخراوەدا هەیە، فەرمان بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دراوە. 
 
بە گوتەی وزیری ناوخۆی تورکیا، "ئۆپەراسیۆنەکە لە ئاستێکی تاکتیکی دا نییە. داڕماندنی پێکهاتەی هەوڵگری رێکخراوەکەیە لە سووریا کە لە شێوەی شانەی نووستوو لە تورکیا کاردەکەن. ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە پێش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان مانایەکی ستراتیژی هەیە". 
 
عەلی یەرلیکایا رایگەیاندووە، کۆی گشتی 13 هەزار و 440 کەس لە ئەندامانی پۆلیسی تایبەت، کۆماندۆی جەندرمە و گوندپارێز کە لە 960 تیم رێکخراون، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن.