عەبدوڵڵا گول سەرەخۆشی کۆچی دوایی مام جەلال دەکات

رووداو- هەولێر

یازدەهەمین سەرۆککۆماری تورکیا سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادەی تاڵەبانی کرد و لە توویتێکدا باسی لە دیدارێکی لەگەڵ مام جەلال کرد لە بەغدا.


عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا بەبۆنەی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە سەرەخۆشیی لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و قوباد تاڵەبانی کرد و هیوای لێخۆشبوونی بۆ خواست.

گول هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا پرسە و سەرەخۆشیی بۆ کۆچی دوایی تاڵەبانی بڵاوکردووەتەوە.


سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا لە توویتەکەیدا نووسیویەتی:"کاتێک سەردانی بەغدام کرد، هەردووکمان کۆک بووین لەسەر ئەوەی تورکمان و کورد و عەرەبی کەرکووک بەشێوەیەکی یەکسان فەرمانڕەواییان بکرێت. ئەو لەم بیرکردنەوەیەیدا راست و دروست بوو. هیوادارم بیرکردنەوەیەکی لەمجۆرە دووبارە بژیێتەوە''.



عەبدوڵڵا گول لەگەڵ ئەم پەیڤانەدا وێنەیەکی پۆست کردووە کە لەمیانی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ مام جەلال گرتوویەتی.



داڕشتنەوە؛ عومەر شایان