تونجەر باکرهان: جێبەجێکردنی هزری کودەتاچیی دووژمنکارانە بەرامبەر گەلی کورد رەتدەکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی سەبارەت بە دەستگیرکردنی محەممەد سدقی، هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ رایگەیاند، "ئاکپارتی و مەهەپە هیچ رێزێک بۆ ئیرادەی خەڵک دانانێن و لە رێگەی پۆلیس و دادگە، کە لەژێر فەرمانی ئەواندان، کەسانی بە دیموکراتی هەڵبژێردراو، بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیر دەکەن."
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی، "ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەو هزرە کودەتاچییە دووژمنکارانەی بەرامبەر گەلی کورد دەکرێت، رەتدەکەینەوە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، "داوا لە گەلی خۆمان و سەرجەم دیموکرات و شۆڕشگێڕ و لایەنگرانی ئاشتی دەکەم، دژی زەوتکردنی مافی دیموکراسی و دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئێمە."
 
شەوی رابردوو 02-06-2024 هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی شارەوانیی شارەکە، دواتر محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی شارەکەیان لە وان دەستبەسەرکرد. 
 
رۆژی 31-3-2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو. محەممەد سدیق ئاکش، بەربژێری دەم پارتی لە جۆلەمێرگ رێژەی 48.91٪، عیسمەت ئۆلمەزی بەربژێری ئاکپارتی 46.57٪ و جونەیت ئۆزبەکی بەربژێری جەهەپە 1.42٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.