سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ لەسەر کار لادرا و قەییووم لە شوێنی دانرا

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ لەسەر کار لادرا و عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ لە شوێنی دانراوە.
 
محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ بەیانی ئەمڕۆ (3-6-2024) لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لە پارێزگای وان دەستبەسەرکرا و دواتر 'لەسەرکار لادرا.' 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێ، ئاکش بەناوی ناوی "رێکخراوی تیرۆر" کە مەبەست لێی پەکەکەیە، هەڕەشەی لە کاسبکاران کردووە و لێپرسینەوەی لە خەڵک کردووە، پرسەی بۆ گەریلاکانی پەکەکە رێکخستووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڵاوکرایەوە، محەممەد سدیق ئاکش لە رێکخستنی کارگێڕیی پەکەکە/کەجەکەدا پێگەیەکی باڵای هەیە و بەناوی پەکەکەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ خەڵکدا کردووە و باجی کۆکردووەتەوە؛ هەروەها چالاکیی وەک رێپێوانی نایاسایی و پرسەی بۆ گەریلاکانی پەکەکە رێکخستووە، گوشاری خستووەتە سەر رای گشتی و کاسبکاران بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانیاندا.
 
وەزارەتەکە دەڵێ، لێکۆڵینەوەیەکی بەردەوام لەسەر کەیسی سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ هەیە کە لەلایەن سەرۆکی داواکاری گشتی جۆلەمێرگ بۆی کراوەتەوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە "رێکخراوێکی تیرۆریستیی چەکدار" و لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا دەستبەسەر کراوە. 
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیس باڵەخانەی شارەوانیی جۆلەمێرگیان گەمارۆداوە و بەیانی ئەمڕۆش بە زۆر چوونەتە نێو باڵەخانەکەوە. 
دەم پارتی رایگەیاند، محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگیش لە وان دەستبەسەرکراوە. 
 
ئەو پارتە لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی "بەرەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیس بە زۆر چووە نێو باڵەخانەی شارەوانی جۆلەمێرگ. ئێمە بیرۆکەیەی قەییووم رەتدەکەینەوە. گەلەکەمان لە 31ـی ئاداردا نیشانیدا ئەم بیرۆکەیە قبووڵ ناکات. ئەم چەمکەی کودەتاچی و قەییوومە نەوەک هەر بۆ سەر جۆلەمێرگ، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی تورکیا هەڕەشەیە. گەلەکەمان هەڵوێستی دیموکراسی خۆی دەردەبڕێت." 
 
دەم پارتی داوای لە هەموو ئەو کەسانە کردووە کە پشتیوانی دیموکراسی دەکەن هەڵوێستی خۆیان دژی ئەو هەڵمەتە نیشان بدەن. 
 
رۆژی 31-3-2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو. محەممەد سدیق ئاکش، بەربژێری دەم پارتی لە جۆلەمێرگ 48.91٪، عیسمەت ئۆلمەزی بەربژێری ئاکپارتی 46.57٪ و جونەیت ئۆزبەکی بەربژێری جەهەپە 1.42٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. 
 
هەر ئەمڕۆ پارێزگای جۆلەمێرگ بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە کاردانەوەیەکی بڕیاری دەستبەسەرکردنی سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ، قەدەخەی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌، خێوه‌ت هه‌ڵدان و سه‌كۆ دانان لە جۆلەمێرگ بۆ ماوەی 10 رۆژ راگەیاند.