گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان: رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا گەیشتووەتە نزیکەی 124% ـە

 
رووداو دیجیتاڵ 

خەڵکێکی زۆر روویان کردووەتە بازاڕەکانی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، ئەوانەی کڕیارن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ، لە شوێنی کیلۆ، بە گرام چەرەس و بە دانە میوە دەکڕن. 
 
سەڤتاپ چنار، دانیشتووییەکی ئیستەنبووڵە کە سەردانی بازاڕی کردووە و دەڵێت، "نرخەکان بەرزترن هەڵبەت، بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخی هەموو شتێک دوو هێندە بەرزبووەتەوە." 
 
بەشێک لە هاووڵاتییان بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە. حوسین ئەرئۆغڵو، خانەنشینێکە، سەردانی بازاڕی کردووە و گوتی، "رەمەزانە هاتووین بازاڕ بکەین، بەڵام هیچم پێ نەکڕدرا. خانەنشینیک دەتوانێت چی بکڕێت؟ موچەکەمان دۆخی ژیانمان دیارە." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا سیاسەتی ئابووری حکومەتەکەی لەم دۆخە بێبەری دەکات و هۆکاری گرانی بازاڕ بە گرانی نرخ لە بازاڕەکانی جیهانەوە دەبەستێتەوە. ئەردۆغان داوا لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات بۆ تێپەڕکردنی ئەم قۆناخە دان بەخۆیاندا بگرن و دەڵێت، لەو کەسانە خۆش نابن نرخ گران دەکەن. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا باس لەوە دەکات، "لە پێناو قازانجکردنی سێ قروشی زیاتر، ئەوانەی چاویان بڕیوەتە ئارامی میللەتەکەمان، لە راستیدا گەورەترین زیان بەخۆیان دەگەیێنن." 
 
بەگوێرەی داتای دەستەی ئاماری تورکیا کە لە سەرەتای ئاداری ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 55% نزیکبووەتەوە، بەڵام راپۆرتی گرووپی لێکۆڵینەوەی هەڵاوسان دەڵێت، ئامارەکە لەوە بەرزترە و نزیکەی 124% ـە، ئەمەش بەرزترین ئاستی هەڵاوسانە کە لە 19 ساڵی رابردوودا لە تورکیا تۆمارکراوە.