مەراڵ ئاکشەنەر لە هاوپەیمانیی میلـلەت کشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئیی پارتی کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانیی میلـلەتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا، کشانەوەی پارتەکەی لەو هاوپەیمانییە راگەیاند.
دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی، 3ـی ئاداری 2023ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئیی پارتی، مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئەو حیزبە لە بارەگای سەرەکیی ئیی پارتی لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رێکخست.
مەراڵ ئاکشەنەر لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند: "دوێنێ هەوڵدرا دۆخێک بەسەرماندا بسەپێندرێت و گۆشەگیر بکرێین، بەڵام من و ئیی پارتی بەهیچ شێوەیەک بەرژەوەندیی تاکەکەسی لە کەس قبووڵ ناکەین. ئێمە سازشمان بۆ دەسەڵاتی 20 ساڵەی رابردوو نەکرد تەنانەت خەباتی دیموکراسیمان دژی راگەیاند. ئەمڕۆش درێژە بەخەباتی سەربەرزانەمان دەدەین".
مەراڵ ئاکشەنەر دەڵێت: "دوێنێ بابەتی بەربژێری هاوبەشمان تاوتوێکرد. جگە لە ئێمە، سەرکردەی هەر پێنج لایەنە سیاسییەکەی دیکە بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپەیان بە بەربژێری هاوبەش بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار راگەیاند. ئێمەش رەتمانکردەوە و پێمان راگەیاندن، خەڵک داوای مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەکەن، بەڵام نەمانتوانی بە داواکەمان رازییان بکەین".
ئاکشەنەر رایگەیاند: "سەرجەم داتا و زانیارییەکانی راپرسییە جیاوازەکان و رێکخستنەکانمان خستنەڕوو و سەلماندمان کە یاڤاش و ئیمامئۆغڵو بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش ئەردۆغانەوە دێن و لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنیان مسۆگەرە، بەڵام هەموو هەوڵەکانمان بێهوودە بوون، ئەوان بڕیاری خۆیان دابوو".
سەرۆکی ئیی پارتی گوتی: "بەداخەوە، هاوپەیمانییەکە بووە شوێنێک بۆ سەرخستن و رازیکردنی تاکە کەسێک. ئێمەش چارەنووسی 85 ملیۆن کەس ناخەینە ژێر دەستی تاکە کەسێک".
ئاکشەنەر داوای لە مەنسوور یاڤاش و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کرد خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بەربژێر بکەن و رایگەیاند: "ئێوە بەدەنگی میلـلەت هەڵبژێردران. سەرباری هەموو ئاستەنگەکان، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەردەوام کارتان کرد. لێرەوە داواتان لێدەکەم بەرپرسیارێتی خۆتان جێبەجێبکەن و میلـلەت داواتان لێدەکات ئەم بەرپرسیارێتییەش وەربگرن".
رۆژی 5ـی ئایاری 2018، بە دەستپێشخەریی جەهەپە، هاوپەیمانیی میلـلەت لەنێوان جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت و پارتی دیموکرات دامەزرا. رۆژی 26ـی کانوونی دووەمی 2023 پارتی ئاییندە و پارتی دێڤا بوونە ئەندامی هاوپەیمانییەکە و ژمارەی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە بۆ شەش لایەن بەرزبووەوە.
ئەو هاوپەیمانییە لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان خاوەن 175 کورسی بوو؛ لە کۆی 81 شارەوانیی شارەکاندا خاوەن 21 شارەوانییە، لەنێویاندا 10 گەورەشارەوانییان هەیە.