کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا گەیشتووەتە 106 ملیار دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا لە 12 مانگی ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 106 ملیار دۆلار؛ کورتهێنانی بازرگانی لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەو ساڵەدا 6.1 ملیار دۆلار بووە.
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 03-01-2024 داتاکانی پەیوەست بە بازرگانیی دەرەوەی بۆ مانگی 12ی 2023 بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان بێت، تورکیا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023دا بە بەهای 23 ملیار دۆلار کاڵای هەناردە کردووە و بە بەهای 29.1 ملیار دۆلاریش کاڵای هاوردە کردووە. بەمشێوەیە، کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـدا، بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی 2022، بە رێژەی 37% کەمیکردووە و بۆ 6.1 ملیار دۆلار دابەزیوە.
 
کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکی لە 12 مانگی ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 106 ملیار دۆلار؛ کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا لە ساڵی 2022دا 109.5 ملیار دۆلار بووە و لە 2023دا بەراورد بە ساڵی پێشووتر بە رێژەی 3.2% کەمیکردووە.
 
لە ساڵی 2023دا تورکیا بە بەهای 255.8 ملیار دۆلار هەناردەی کردووە و بە بەهای 361.8 ملیار دۆلاریش کاڵای هاوردە کردووە.