لە ئیستەنبووڵ 11 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئاسایشی ئیستەنبووڵ، 11 کەسیان بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە دەستگیرکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 02-11-2023، لەسەر بڕیاری داواکاریی گشتی، ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی چەند گومانلێکراوێک کرد. ئۆپەراسیۆنەکە لە 10 شارۆچکەی سەر بە ئیستەنبووڵ کرایە سەر 13 ناونیشان و لە ئەنجامدا 11 کەس دەستگیرکران و دەستگیرا بەسەر ژمارەیەک ئامێری دیجیتاڵیدا.
دوای دەستگیرکردنیان گومانلێکراوەکان گواسترانەوە بۆ ئاسایش و چاوەڕێ دەکرێت دوای وەرگرتنی گوتە لێیان بگوازرێنەوە بۆ دادگە.
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015ـدا شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوامبوو.
لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا شەش زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە تورکیا و باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان دەستپێکردووە.
تاوەکو ئێستا راگەیاندنی ناوچەی ئەمنی و قەدەخەی هاتوچۆ لە چەندین شوێنی باکووری کوردستاندا درێژەی هەیە و ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی خەڵک بە تۆمەتی پەکەکە بوون بەردەوامن.