پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەتۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانی نایاسایی و هاندان بۆ تووندوتیژی لە دژی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە دەستگیرکرا.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (1ـی تشرینی دووەمی 2023) هودا کایا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەدەپە لە خولی رابردووی پەرلەمان، لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی تورکیا بەتۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانی نایاسایی و رێگەپێنەدراو و هاندانی خۆپیشاندەران بۆ تووندوتیژی لە دژی هێزە ئەمنییەکان، دەستگیرکرا.
فەرمانی دەستگیرکردنی هودا کایا لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە بووە، کە دواتر دۆسیەکەی بۆ داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ گوازراوەتەوە و دوو جار ئاگادارنامەیان پێشکێشی پارێزەرانی کردووە، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبووە بچێتە بەردەم دادگا و بەهۆیەوە بڕیاری دەستگیرکردن و راپێچکردنی بۆ دادگە، دراوە.
هودا کایا، دوای دەستگیرکردنی، رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستیی و دواتر براوەتە ئاسایش بۆ لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی گوتەکانی. پاشان بە بڕیاری دادوەری ئێشکگر، دەستبەسەرکراوە و رەوانەی گرتووخانە کراوە.
لە 27ـەمین خولی پەرلەماندا، چوار جار داواکاریی لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە هودا کایا پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا، بەڵام پارێزبەندییەکەی وەک خۆی مایەوە.