کورتهێنانی بازرگانیی تورکیا بۆ نزمترین ئاستی 34 مانگی رابردوو دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا لە تورکیا هەناردەی کاڵا زیادبووە و هاوردەی کەمبووەتەوە.
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا تورکیا بایی 22 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی وڵاتان کردووە، بەوەش رێژەکە 2.4٪ زیادبووە بەراورد بە ئابی 2023.
بۆڵات ئەم ئاستە بە "پێوانەیی" وەسف دەکات. هەر لەو مانگەدا بەپێی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، بایی 26 ملیار و 99 ملیۆن دۆلار کاڵایان لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە کردووە، بەوەش رێژەکە 10.8٪ کەمبووەتەوە.
مانگی رابردوو کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا بۆ 4 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە. ئەوەش کەمترینە لە دوای تشرینی یەکەمی 2021ـەوە.
لەسەر ئاستی ساڵانەش، بەراورد بە مانگی ئابی 2023، لە ئابی ئەم ساڵدا کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکیی تورکیا 43.4٪ کەمبووەتەوە.
بە کۆی گشتی لە 8 مانگی ئەم ساڵدا، تورکیا بایی 170 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کردووە، بەوەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو رێژەکە 3.9٪ زیادبووە.
هەر لەو 8 مانگەدا تورکیا بایی 225 ملیار و 660 ملیۆن دۆلاریش کاڵای هاوردە کردووە و رێژەکە 8.7٪ دابەزیوە.
لە کانوونی دووەم تاوەکو ئابی ئەم ساڵ، کورتهێنانی بازرگانیی تورکیا 54 ملیار و 860 ملیۆن دۆلار بووە.