یاریدەدەری ئەردۆغان: کوژرانی حەکیم لوقمان پەیوەندیی بە قسەکردن بە زمانی کوردییەوە نییە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رەتی دەکاتەوە گەنجەکەی دهۆک لە ئیستەنبووڵ بەهۆی ئەوەی بە زمانی کوردی قسەی کردووە، کوژرابێت و دەڵێت، ئەوەی دەگوترێت گوزارشت لە راستییەکان ناکات.
شەوی 31ـی ئاب، حەکیم لوقمان لە دوبەیەوە لەگەڵ ئامۆزا و هاوڕێیەکی چووەتە ئیستەنبووڵ. دوو کاژێر دوای گەیشتنی، لە خوارنگەیەکی ئەکسەرای 12 کەس هێرشیان کردە سەری و بەر چەقۆ درا.
بەگوتەی ئەوانەی لەگەڵیدا بوونە، هۆکاری هێرشکردنە سەر حەکیم ئەوە بووە کە بە زمانی کوردی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوڕێیەکی کردووە. سەعد گۆران، برای حەکیمە و پێشتر بە رووداوی گوت: "بە کوردی قسەمان دەکرد، زیاتر لە 10 کەس هاتن و بە چەقۆ لە دڵی براکەمیان دا. براکەم کەوتە ناو دەستم. ئێمە ئەوکات لە دوبەی گەیشتبووینە ئیستەنبووڵ و ویستمان جل بۆ زەماوەندی براکەم بكڕین."
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لەو بارەیەوە دەڵێت: "لێدوانە دنەدەرانەکانی وەک 'حەکیم لوقمان بازرگانی کوردی خەڵکی دهۆک، لە ئیستەنبووڵ چەقۆ لە دڵی دراوە و کوژراوە تەنیا لەبەر ئەوەی بە زمانی زگماکی خۆی قسەی کردووە'، گوزارشت لە راستییەکان ناکەن".
بە گوتەی ئەو بەرپرسە تورکییە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تۆمەتباری کوشتنی ئەو کەسەی لە رووداوە دڵتەزێنەکەی ئیستەنبووڵ گیانیلەدەستداوە، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئێلیهی باکووری کوردستانە؛ "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە قسەکردن بە زمانی کوردییەوە نەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی گفتوگۆی جیاوازەوە بووە. ئەوانەی تاوانبارن بێگومان لە پرۆسەی دادوەریدا یەکلایی دەکرێنەوە و سزا دەدرێن".
جەودەت یڵماز دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵ هاووڵاتیانی کورد زمانمان و لەگەڵ هەر کەسێکی دیکەدا هیچ کێشەیەکمان نییە. کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو کەسانەیە کە هەوڵی دابەشکردنی وڵاتەکەمان دەدەن وەک ئامرازێک لە یارییە ئیمپریالیستەکاندا، ئەوانەی یەکێتیی نەتەوەییمان دەکەنە ئامانج و ئەوانەی سەرنجیان لەسەر تیرۆرە".
جگە لەوەش، ئاماژەی بەوەدا، "تورکی زمانی فەرمی و هاوبەشمانە. سەبارەت بە زمانی زگماکی هاوڵاتیانمان، ئەوە حکومەتەکانی ئێمەن کە بە چاکسازی جۆراوجۆر عەقڵیەتی قەدەخەکاری رابردوویان نەهێشتووە. پڕوپاگەندەی تیرۆریستی بە هەر زمانێک بکرێت پڕوپاگەندەی تیرۆریستییە و تاوانە."
هاوکات، باس لەوەش دەکات، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر کەسێک "تەنیا لەبەر ئەوەی بە کوردی قسە دەکات، هەموومان دژی دەبین و هەرچی لە رووی یاساییەوە پێویست بێت ئەنجامی دەدەین. هەرچەندە ئەمە وا نییە، بەڵام ئەوانەی لە رێگەی هەندێک رووداوی پەیوەست بە نەزمی گشتییەوە سیاسەت لەسەر ناسنامە دەکەن، ئەوانەن کە هەوڵدەدەن هێڵی بوومەلەرزەی کۆمەڵایەتی دروست بکەن."