لە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستان هێرشکرایە سەر پەنابەرانی سووریایی
رووداو دیجیتاڵ
دوای رووداوەکەی قەیسەری و ناڕەزایەتییەکان دژی هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا، لە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستان، هێرش کرایە سەر هاووڵاتیانی سووریا.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە شارۆچکەکانی "رەیحانڵی" و "کرکهان" سەر بە پارێزگای هاتای، ئادانا، قەیسەری و بورسا ـی تورکیا و شارۆچکە "کانیا خەزالان" لە رووها، دیلۆک و کیلیس ـی باکووری کوردستان هێرشکرایە سەر هاووڵاتیانی سووریا. لە دیلۆک ـی باکووری کوردستان گەنجێکی سووریایی کە لە کارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە درایە بەر چەقۆ و بریندار کرا.
هێرشەکان ئێوارەی دوێنێ دەستیانپێکرد و تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام بوون. لە شارۆچکەی "رەیحانڵی" سەر بە هاتای، لە بازاڕی چوارشەممە هێرش کرایە سەر دووکانەکانی هاووڵاتیانی سووریا. خاوەن دووکانەکان دەرگای دووکانەکانیان داخست و گەڕانەوە ماڵەکانیان.
کاژێر 21:00 لە هەمان شارۆچکە، گرووپێک کە ئاڵای تورکیایان بەدەستەوە بوو، لەبەردەم هۆڵی شار کۆبوونەوە و درووشمی "ئێمە پەنابەرمان ناوێت" ـیان گوتەوە. هێزە ئەمنییەکان لە شارۆچکەکەدا رێوشوێنە ئەمنییەکانیان زیاد کرد و زۆربەی رێگەکانیان داخست.
لە شارۆچکەی "سەیهان" لە ئادانا، کۆمەڵێک ماتۆڕسوار ئاڵای تورکیایان هەڵگرتبوو هەوڵیاندا بچنە نێو گەڕەکەکانی "کۆجاوەزیر" و "میرزاچەلەبی" کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سووریاییان تێیدا نیشتەجێن. هێزەکانی پۆلیس رێگەیان نەدا گرووپەکە بچنە نێو ئەو گەڕەکانە. گرووپەکە درووشمی "سووریاییمان ناوێت" ـیان بەرزکردەوە.
لە پارێزگای دیلۆک، گرووپێک بە گوتنەوەی گۆرانیی نەژارپەراستانە لە دژی پەنابەرانی سووری، رێپێوانیان کرد. لە شارۆچکەی "کانیا خەزالان" لە رووها ـش هێرشیان کردە سەر دووکانەکانی هاووڵاتییانی سووریا.
لە شارۆچکەی "ئەلپارماک" لە بورسا، گرووپێک درووشمیان دژی پەنابەرانی سووری بەرزکردەوە و رێپێوانیان کرد. دووکاندارانی سووری لە شارۆچکەکەدا، دووکانەکانیان نەدەکردەوە و لە ماڵەکانیان دەرنەدەچوون.
لە چەند شارۆچکەیەکی کایسەری، هێرشکرایە سەر ماڵ و دووکانەکانی هاووڵاتیانی سووریایی و زۆر دووکان و ئۆتۆمبێلی پەنابەرانی سووریاییان سووتاندن و ماڵەکانیان ئاگر تێبەردا. پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و خەڵکی زۆریان دەستگیرکرد. رێوشوێنە ئەمنییەکان لەو پارێزگایەدا زیاد کران.
لە شاری کیلیس، کۆمەڵێک نەژارپەرست بە ماتۆڕسکیلەوە و بە گوتنەوەی درووشمی رەگەزپەرستانە، دژی پەنابەرانی سووری چوونە نێو شارەکەوە. بە بەرد هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییانی سووریایی و لە هاووڵاتییەکی گەنجی سووریاییان دا.